سەدر وەڵامی تووندی باڵیۆزێکی ئەمریکا دەداتەوە: داعش و ئیسرائیل دوو رووی یەک دراون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە هێرشێکی تووند دەکاتە سەر باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و لێدوانەکانی بە "فەتوایەکی گوماناوی" بۆ رشتنی خوێنی بێتاوانان لە قەڵەم دەدات، هاوکات ئیسرائیل بە "داعش" دەچوێنێت.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، رەخنەی لە مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، "کەی کەسێکی سێکۆلار مافی فەتوادانی هەبووە؟ کەی بێدینێک بەپێی چیرۆکە ئاسمانییەکان کاری کردووە؟ ئەوان دژی کتێبە ئاسمانییەکانن، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییە ئابووری و ئایینییەکانیان دەخوازێت، پەنای بۆ راڤەکردنی دەبەن."
 
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئیسرائیلی بە "رێکخراوی داعش" چواند و گوتی، "داوا لە لایەنە نێودەوڵەتی و ئیسلامییەکان دەکەم سنوورێک بۆ ئەم تیرۆریستە تینووە بە خوێنە دابنێن، کە هاوشێوەی داعش دروشمی (مانەوە و فراوانبوون) بەرز دەکاتەوە؛ ئەوان دوو رووی یەک دراون."
 
سەدر ئاماژەی بەوەش کرد کە باڵیۆزی ئەمریکا لە جیاتی پابەندبوون بە نەریتە دیپلۆماسییەکان، پەنای بۆ لێکدانەوەی ئایینی بردووە بۆ شەرعیەتدان بە داگیرکاری، لەکاتێکدا بە گوتەی ئەو "تەورات بەڵێنی بە چەوساوەکان داوە نەک ئەو کەسانەی پێغەمبەرانیان کوشتووە."
 
موقتەدا سەدر لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمریکای بە مەترسیدار وەسف کرد و رایگەیاند، ئەمە دەبێتە هۆی رشتنی خوێنی بێتاوانەکان لە سووریا، لوبنان، ئوردن، سعودیە و عێراق. داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد هەڵوێستێکی سیاسیی یەکگرتوویان هەبێت بۆ راگرتنی "ستەمی ئیسرائیل" پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
 
مایک هاکابی چی گوتبوو؟
 
شەممە 21ـی شوباتی 2026، مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل گوتبووی، "ئیسرائیل مافی ئایینیی تەوراتی هەیە دەست بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرێت، لە رووباری نیلەوە لە میسر تاوەکو رووباری فوڕات لە عێراق."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمریکای کرد و رایگەیاند: "ئەم جۆرە لێدوانانە سنووربەزاندنێکی مەترسیدارن و بە تەواوی لەگەڵ پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژبەیەک و ناکۆکن."
 
وەزارەتی دەرەوە هۆشداری دا لەوەی ئەو جۆرە گوتارانە دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆن لە سەروەریی وڵاتان و لێکەوتەی نەرێنییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت، جەختیشی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە لە رەتکردنەوەی هەر سیاستێکی هەژموونگەرایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە