سەرایا ئەولیا دەم: 6 هێرشمان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" رایگەیاند لە ماوەی 24 کاژێردا زنجیرەیەک هێرشی "جۆرییان" کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە نێو خاکی عێراق.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی ئەو گرووپە، کە رۆژی یەکشەممە 22-03-2026 لە کەناڵی گرووپەکە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکان وەک "پابەندبوون بە ئەرکی شەرعی" و بۆ "تۆڵەکردنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی" کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە وەڵامی ئەو هێرشانەدایە، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی کۆمەڵێک لە گەنجانی ناو گرووپە چەکدارە عێراقییەکان.
سەرایا ئەولیا دەم ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکدارەکانیان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا شەش "ئۆپەراسیۆنی جۆری"یان دژی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق کردووە"، بەڵام شوێنی وردی بنکەکان و قەبارەی زیانەکانی رانەگەیاندووە.
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" یەکێکە لەو گرووپە چەکداریانەی عێراق، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، گرووپەکە بەرپرسیاریێتی چەندین هێرشی لە ئەستۆ گرتووە، کە لە دوای 28ی شوباتی ئەمساڵ بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.