گوتەبێژی سوودانی: هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، عێراق رووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، لێکۆڵینەوە لە بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسی و باڵیۆزخانەکان دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو جۆرە هێرشانە ئەو مەترسییە دروست دەکات کە عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر بێ.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 22ی ئاداری 2026، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند: "لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی نێردە دیپلۆماسییەکانیان کردووەتە ئامانج بەردەوامن، بەڵام ئێستا گونجاو نییە وردەکارییەکانیان ئاشکرا بکرێن."
 
سەباح نوعمان گوتی: "سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەو کارانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 پۆلێن کردووە. بۆیە ئەوانە کاری تیرۆریستین و سەرکۆنە دەکرێن، چونکە عێراق شەرمەزار دەکەن، پێگەی دیپلۆماسیی وڵات لاواز دەکەن و ڕەنگە ببنەهۆی دوورخستنەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا، حکومەت هەوڵ دەدات پێگەی نێودەوڵەتیی عێراق بگەڕێنێتەوە و وڵات ببێتەوە بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە، وەک چۆن لە ساڵانی رابردوودا رۆڵی لەو جۆرەی گێڕاوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی هۆشداریی داوە کە هەر تێکچوونێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا رووبدات، لێکەوتەکانی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. سەباح نوعمان گوتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە شاهێدی گرژیی سیاسی، ئەمنی و ئابوورین کە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر ئێران هەبووە، بەڵکو هەموو وڵاتانی کەنداو، ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشی گرتووەتەوە."