فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەستبەکاربوو


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەستبەکاربوو.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، لیوا روکن عەبدوڵڵا جبووری وەک فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا دەستبەکاربوو. 
 
پێشتر فەریق قوتەیبە جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بوو. سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، فەریق قوتەیبە جبووری بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوێزراوەتەوە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاری دێت کە بەشێک لە پارێزگاکانی گرتووەتەوە. 
 
بەگوتەی محەممەد جاسم کاکەیی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەواش بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکانیان نامێنێنەوە، بەڵکو زوو زوو گۆڕانکاریان تێدا دەکرێ. 
 
رۆژی 18ی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، جەزیرە و رۆژهەڵاتی سەلاحەدین لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە.