دادگەى فیدراڵى بڕیار لە سکاڵایەک لەبارەی نەوت و پشکى هەرێمى کوردستان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، کە تایبەتە بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و ناردنى پشکەکەى لە بودجە، سکاڵاکارەکە دەڵێت: "ئەمڕۆ سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە".
ئەمڕۆ سێشەمە، 22ى نیسانى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى ئەو سکاڵایە دەکات کە تێیدا داواکراوە لایەنە پەیوەندارەکان پەیوەست بکرێن بە مادەکانى یەک و 11 و 13ى یاسای بودجەى گشتى، کە تایبەتن بە خەمڵاندنى داهاتى بودجە و پارەى هەناردەى نەوت و دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان و رادەستکردنى نەوتەکەى.
دانیشتنەکە بەبێ دادبینى دەکرێت، ئازاد دۆسکى پارێزەرى راوێژکار کە سکاڵاکەى پێشکێش کردووە بە رووداوى گوت: "ئەمڕۆ دادگە بڕیارى کۆتایی دەدات".
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە لایەنە پەیوەندارەکان پەیوەست بکرێن بە جێبەجێکردنى هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە لە 17ى شوباتی 2025ـەوە کەوتە بوارى جێبەجێکردن و تایبەتە بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و قەرەبووکردنەوەى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى کۆمپانیاکانى نەوت.
ئازاد دۆسکى گوتى: "وەڵامنامەى سکاڵالێکرارەکان گەیشتووەتەوە بە دادگە و منیش وەڵامى خۆم دەدەمە دادگە."
سکاڵاکە لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و عێراق، وەزیرانى دارایی و نەوتى فیدراڵ و وەزیرى سامانە سرووشتییەکان تۆمار کراوە.
هەموارى یاساى بودجە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.