رووداو- هەوراز گوڵپی
حكومەتی عێراق و سعودیە رێككەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكانی نێوانیان. پەرلەمانتارێكی سەدریش دەڵێ "هەوڵێكی مالیكییە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی".
حاكم زاملی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، كە لەهەمانكاتدا یەكێكە لە سەركردەكانی رەوتی سەدر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی بەغدادیە رایگەیاند: "نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپێناو مانەوەی لەپۆستەكەی بۆ خولی سێهەم ئەو دەستگیركراوانە ئازاد دەكات".
گوتیشی "یەكێك لەو دەستگیركراوە سعودییانەی كە ئازادی كردووە بەرپرس بووە لە تەقینەوەكەی ناوچەی سەدریە كە تێیدا زیاتر لە 500 هاونیشتمانی كوردی فەیلی بوونە قوربانی".
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، كە وەكو هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و سعودیە، هەردوولا رێككەوتننامەیەكیان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زیندانییەكان واژوو كردووە.
حاكم زاملی راشیگەیاند، بڕیارە ئەو رێككەوتنە لەچەند رۆژی داهاتوودا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەوەی كە عێراق 18 دەستگیركراوی سعودی ئازاد بكات و لەبەرامبەریشدا حكومەتی ریاز بەسەدان زیندانیكراوی عێراقی لە زیندانەكانیدا ئازاد بكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ