سەرکردە سیاسییەکانی عێراق پەیمانێکی دیکەی شەرەف واژۆ دەکەن

22-08-2016
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن فوئاد مەعسووم
A+ A-

رووداو- ھەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە سەر ئاستی باڵا لە ماڵی فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق بۆ گەنگەشەکردنی شەڕی داعش، قەیرانە سیاسیی و دارایی کۆببنەوە، لە ھەرێمی کوردستانیش ھەر پێنج لایەنەکە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بۆ رووداوی ئاشکرایکرد، جگە لە تاووتوێکردنی شەڕی داعش و پرۆسەی سیاسی و قەیرانەکانی دیکە ھەروەھا پرسی واژۆکردنی پەیمانی شەرەف و دامەزراندنی ئەنجوومەنی سیاساتی ستراتیژی باسدەكرێت، کە بڕیاربوو لە بەرامبەر سازشکردن لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵی 2010 بۆ نووری مالیکی، ئەو ئەنجوومەنە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی دابمەزرێت.

ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆمار راشگەیاند، زەحمەتە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و پەیمانی شەرەف واژۆ بکەن، چونکە کێشەی قووڵ لە نێوان سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەن، بەتایبەت لە چەند رۆژی رابردوو پەیوەندییەکانیان گرژ بوو، لەوانەشە لایەنەکان پرۆژەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی سیاسەتی ستراتیژی بھێننە کۆبوونەوەکان کە پرۆژەیەکی کۆنە.

شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کاڕگێری مەکتەبی سیاسی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی، کە ھاوکات ئەندامی شاندەکەیە زانیاری لە بارەی ئەنجوومەنەکە ئاشکراکرد و بە رووداوی راگەیاند "وەک رەشنووسی پرۆژەیەک بۆ لایەنە سیاسییەکان نێردراوە، ئەو ئەنجوومەنەش دەسەڵاتی سیاسی دەبێت و بۆ پرسە ستراتیژی و گەورەکان بڕیار دەدات، وەکو سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وایە".

خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند "کۆبوونەوەکە خوولی دەبێت؛ دوو مانگ جارێک بە بەشداری ھەر سێ سەرۆکایەتییە بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەکی گشتی باسی کێشەکانی عێراق دەکرێت".

خەسرۆ گۆران، کە ھاوکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە ئەوەی ئاشکراکرد، کە ھۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە نوێنەرایەتی حیزبەکەی بەشداری کۆبوونەوە دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە بەشداری ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئەگەرچی سەرکردە سیاسییە باڵاکانی عێراق بە ھەر سێ پێکھاتەی شیعە، کورد و سوننە لە 19ی ئەیلوولی 2013 پەیمانی شەرەف و ئاشتی کۆمەڵایەتییان واژۆکرد، بەڵام ناکۆکیی و ململانێی تائیفییەکان بەردەوام بوون تاوەكو دواتر لە نێوەڕاستی ساڵی 2014 داعش یەک لە سەر سێی خاکی عێراقی کۆنترۆڵکرد و کارەساتی مرۆیی و ئابووری گەورەی لە عێراق دروستکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە