لێدوانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا لەبارەی رەخنەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ستیڤن هیچن

22-08-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا لەبارەی رەخنەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی ئەو وڵاتە بە رووداوی گوت "پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتی عێراق قووڵ و دێرینە و ئەمڕۆش لەسەر بنەمای هاوبەشیی نوێی پێشکەوتوو بەردەوامین. ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕێین بەیەکەوە بەردەوام بین لە کارکردن."
 
18ـی ئابی 2024 رۆس کۆفیرداڵی، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگکرا و یاداشتی ناڕەزایەتیی رادەستکرا، ئەوەش بەهۆی لێدوانی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی "نێوەڕۆکی لێدوانەکانی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە جۆرێک لە کاروباری ئەمنی و سیاسی دەدەن کە وێنەیەکی رەشبینانە لەبارەی عێراق بە حکومەت و پێکهاتەکانیەوە نیشان دەدەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەیگوتوە باڵیۆز لە کوێ ئەو قسانەی کردووە، بەڵام ستیڤن هیچن لە بەرنامەی ئەمجارەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی پێنجشەممە 15-08-2024 پەخش کرا، باسی لە دۆخی عێراق کرد و گوتی، پێویستە ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکرێت.
 
ستیڤن هیچن لە بەرنامەی بێستوون تۆک گوتی "کێشەی گەشتیاری ئەوەیە پشت بە ئارامی و ئاسایشی وڵات دەبەستێت. بێگومان رەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لەسەر بەریتانییەکان هەر هەیە، تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە. هەندێ میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە بۆ نموونە، خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی عێراق بکەن. ئەمە بەشێکە لە کێشەی نەبوونی کۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بەخودا چاوم لەو رۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە". 
 
لێدوانەکانی باڵیۆز دواتر لە سۆشیاڵ میدیای عێراق، ماڵپەڕ و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبوونەوە و بەشێک رەخنەیان لێگرت و بەشێکیش پەسنیان کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە