تەمەنى کۆمسیۆن درێژکرایەوە و بەغدا پەیوەست کرا خەرجى هەڵبژادنى پەرلەمانى کوردستان لە ئەستۆ بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق هەمواری یاساى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقى پەسند کرد، بەمەش تەمەنی کۆمیسیۆنەکە شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببات، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان دەڵێت " بڕگەیەک پەسند کرا کە بەغدا ناچار دەکات خەرجى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ئەستۆ بگرێت."
کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران بڕگەیەکى هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان پەسند کرا بۆ ئەوەى تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیۆنەکە بۆ ماوەى 54 مانگ درێژ بکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەى ئەنجامى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکات.
کۆردۆ عومەر گوتی، "لەو بڕگەیەدا خاڵێکى دیکە پەسند کراوە بەوەى حکومەتى فیدراڵى پابەند بکرێت بە گرتنە ئەستۆى خەرجى هەردوو هەڵبژاردنەکە."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـى شوباتى 2024 دەکرێت و هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقیش لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت. کە دواى دەنگدان، وەرگرتنى تانە و پەسندکردن و راگەیاندنى ئەنجام لە دەسەڵاتى ئەو ئەنجوومەنە دەبێت.
هەموارەکە لە دوو بڕگە پێکهاتبوو کە دووەمیان تایبەت بوو بە دامەزراندنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆن لەلایەن فەرمانگەکانى دەوڵەتەوە لەدواى کۆتایی هاتنى وادەکەیان.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕگەیەى هەموارەکە دەنگى نەهێنا و رەتکرایەوە."
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە و وادەى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە 7ـى کانوونى دووەمى 2024، کۆتایی دەهات.