لە بەغدا شۆفێرێک 10 ملیۆن دینار سزای لەسەرە؛ "پاسەکەم بفرۆشم بەشی نیوەی ناکات"
رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرێکی پاس لە بەغدا دڵپڕ و تووڕەیە، بەهۆی زۆریی سزاکانی هاتووچۆوە خەریکە دەستبەرداری پیشەکەی دەبێت. ئەو شۆفێرە زیاتر لە 10 ملیۆن دینار سزای لەسەر کەڵەکە بووە و دەڵێت: "ئەگەر پاسەکەشم بفرۆشم، پارەکەی بەشی نیوەی سزاکەم ناکات."
هەیسەم لەتیف، خاوەن پاسە و بە نیگەرانییەوە قسە دەکات: "ئەم پاسە زیاتر لە 10 ملیۆن دینار سزای لەسەرە، خۆی نرخەکەی چەندە تاوەکو ئاوا سزای بۆ بنووسن؟ دەڵێن دەبێت سزاکە بدەیت، لە کوێی بێنم؟ لە دواوە و لە دوورەوە پسووڵەم بۆ دەبڕن و منیش ئاگام لێی نییە."
شۆفێرانی گەراجی 9ی نیسان لە بەغدا، هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو سزاکانیان بۆ کەم نەکرێتەوە، سەرجەم خاوەن پاسەکانی بەغدا خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەکەن.
محەممەد حەلفی، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن پاسەکان و بەڵگەی سزاکانی دەخاتەڕوو، ئەو دەڵێت: "چووم ئۆتۆمبێلەکەم بەناو بکەم، ئەوەش بەڵگە کە لە 7ی 10دا هیچ سزایەک لەسەر ئەم ئۆتۆمبێلە نەبووە، کەچی لە 8ی 10 دەرکەوتووە کە دوو ملیۆن و 800 هەزار دیناری لەسەرە؛ واتە لە ماوەی یەک رۆژدا دوو ملیۆن و 800 هەزار دینار. من چ ئیشێک دەکەم تاوەکو تۆ ئەوەندە سزام بدەیت؟".
هەروەها ئەمجەد عەبدولحوسێن، شۆفێری پاس ئاماژە بەوە دەکات: "لە ماوەی سێ مانگدا سزاکانم گەیشتووەتە ملیۆنێک و نیو. من لە هێڵی خێرا کار دەکەم کە کامێرای لێ نییە، شەقامی فەڵەستین کامێرای لێیە و سوێند بە خوا بەوێدا نەچووم، لێرە سەرنشینەکان هەڵدەگرم و دەردەچم."
لەسەر گردبوونەوە و داواکاریی خاوەن پاسەکان، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سزایانە بە یاسا رێکخراون و تەنیا بە یاساش دەستکاری دەکرێن.
بۆ یەکەم جار لە مانگی 7ی ئەمساڵدا، لە پێنج شوێنی بەغدا کامێرای هاتووچۆ جێگیر و کارا کران، بەڵام ئەوەی جێگەی شۆک بوو، تەنیا لە 24 کاژێری یەکەمدا 10 هەزار سەرپێچی تۆمارکران. لە عێراق کەمترین سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.