فیلمێک بۆ زیندانییانی بەغدا نمایش کرا؛ "هەندێکیان بە دیارییەوە گریان"

22-12-2025
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، فیلمێکی سینەماییان بەناوی جەریرە بۆ زیندانییانی بەغدا نمایشکردووە. گوتەبێژی دەزگاکە دەڵێ، هەندێک لە زیندانییەکان لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکەدا گریاون.
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە راسپاردەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، فیلمی جەریرە بۆ زیندانییەکان پیشان درا، ئەوەش لە چوارچێوەی دیدگەیەکی چاکسازیدایە کە باوەڕی وایە هونەر دەتوانێ ببێتە پردێک بەرەو گۆڕانکاری."
 
فیلمی جەریرە (واتە تاوان) چیرۆکی پیاوێک دەگێڕێتەوە کە کچەکەی نەخۆشە و دوای ئەوەی پزیشکەکان لە چارەسەرکردنی بێهیوا دەبن، دەچێتە لای شێخێک و ئەویش پێی دەڵێت، دەبێت واز لە تاوانەکانی بهێنێت بۆ ئەوەی کچەکەی چاک ببێتەوە.
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "جەریرە تەنیا زنجیرەیەک دیمەن نەبوو، بەڵکو ئاوێنەیەک بوو کە هەڵە، بڕیار و ئەو ساتانەی نیشان دەدا کە رەوتی ژیانی کەسەکانی گۆڕیبوو."
 
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، زیندانییەکان ماوەیەکی زۆرە کەسوکاریان نەبینیوە و بیری منداڵەکانیان دەکەن، بۆیە لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکەدا "دڵیان پڕبوو و هەندێکیان گریان."
 
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: " کەشێکی گونجاومان بۆ کاتی پیشاندانی فیلمەکە رەخساند. گەنمە شامیمان بۆ زیندانییەکان تەرخانکرد و زۆپامان بۆ دانان". 
 
ئەرشەد حاکم گوتیشی: "ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دیدگەیەکی قووڵتر کە چاکسازی وەک گەشتێکی مرۆیی دەبینێت، نەوەک تەنیا رێکارێک؛ دیدگەیەک کە پێی وایە باشکردنی دۆخ لە هۆشیارییەوە دەستپێدەکات."
 
دوای تەواوبوونی فیلمەکە، بەرپرسانی دەزگاکە لەگەڵ زیندانییەکاندا دانیشتوون و گفتوگۆیان لەبارەی لایەنە دەروونی، هونەری و تەکنیکییەکانی فیلمەکە کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی داواکاری گشتیی لە بەرلین

داواکاری گشتیی بەرلین بۆ رووداو: هاووڵاتییەکی عێراقی تۆمەتباری دزییەکی گەورەی دزینی زێڕ و خشڵی دیکەیە

داواکاری گشتیی بەرلین دەڵێ، هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە دزینی خشڵ و کاتژمێری گرانبەها بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ تۆمەتبار دەکرێ، لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە. بە گوتەی داواکاری گشتی، دیار نییە تۆمەتبارەکە عەرەبە یان کورد یان چ نەتەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی نییە.