سوودانی چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی گومرگ دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق چەند بڕیارێک لەبارەى جیاوازیى گومرگى سەر کاڵاکان دەردەکات، کە هەر بازرگانێک ناڕازی بێت دەتوانێت لە سێ رۆژدا تانەى لێبدات. بانکەکانیش رادەسپێرێت بۆ وردبینى لە دروستیی زانیاریی نێو لیستی بارەکان.
ئەو بڕیارانە لە نووسراوێکدایە کە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 12ـی شوباتی 2026 ئاراستەی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقى کردوون.
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا پشت بە بەهای گومرگیی جێگیرکراو ببەسترێت، کە بە گوێرەی پێناسی گومرگیی پێشوەختە دیاریکراوە و بەهۆیەوە دۆلار بۆ بارزگانان حەواڵە دەکرێت.
سوودانی فەرمانی داوە پشت بەو بەهایەى پێناسی گومرگی ببەسترێت کە لە تۆمارەکانی دەستەی گشتیی گومرگدا بۆ کاڵاکان هەیە، ئەوەش بۆ ئەو بارانەی کە هێشتا پارەیان بۆ حەواڵە نەکراوە.
کاتێک بازرگان دەیەوێت کاڵایەک هاوردە بکات، پێشتر جۆر و بڕەکەى لەڕێگەى فۆرمى گومگرى پێشوەخت دەخەنە نێو سیستمى ئەسیکۆداوە و بەگوێرەى پێناسی نوێى گومرگ پارەى لێ وەردەگیرێت.
بەشێکی دیکەی بڕیارەکان تایبەتە بە ناڕەزایەتی یان تێبینی لەسەر ئەو گومرگەی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان دیاریکراوە؛ بڕیار دراوە ئەگەر تێبینی لەو جۆرە هەبێت، بەڵگەنامە پێشکێش بە هۆبەی دیاریکردنی بەهای گومرگ بکرێت بۆ سەلماندنی راستیی ئەوەی جیاوازی هەیە، تاوەکو بڕی گومرگەکە بگێڕدرێتەوە و دەبێت لە سێ رۆژدا وەڵام بدرێتەوە.
دواهەمین خاڵی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیە کە بانکەکان بە سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی، وردبینی لە دروستیی زانیاریی نێو لیستی بارەکان دەکەن کە لەگەڵ داواکاریی حەواڵەی دەرەکی پێشکێش دەکرێن.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی کە یەکێکە لەو بانکانەی لە رێگەیەوە دۆلاری بانکی ناوەندی بۆ بازرگانی حەواڵە دەکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو جیاوازییە لە دیاریکردنی گومرگی کاڵاکان بەهۆی ئەوەیە کە پێشتر بەشێک لە بازرگانەکان بڕە پارەیەکی کەمتریان هەژمار کردووە بۆ بەهای کاڵا هاوردەکراوەکانیان، بۆ ئەوەی باجی سەر کاڵاکانیان زۆر نەبێت."