عەمار حەکیم: عێراق پێویستی بە لایەنی دەرەکی نییە

23-02-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایدەگەیێنێت، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە و پێویستی بە چاودێریی هیچ لایەنێکی دەرەکی نییە. دەشڵێت: "عێراق باجێکی زۆری داوە تاوەکو لە بازنەی سزا نێودەوڵەتییەکان بێتە دەرەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لە گوتارێکدا بەبۆنەی 17ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی عەبدولعەزیز حەکیمی باوکی، عەمار حەکیم تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و رایگەیاند، عێراقییەکان خۆیان باشتر شارەزای کاروباری ناوخۆی خۆیانن و دەتوانن باشترین بڕیار بۆ وڵاتەکەیان بدەن.
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە هۆشداریدا لە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستا و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دۆخە تەنیا ناکۆکییەکی کاتی نییە، بەڵکو بووەتە هۆی پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و لاوازبوونی متمانەی هاونیشتمانییان؛ داواشی کرد بە زووترین کات شایستە دەستوورییەکان تەواو بکرێن و حکومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت.
 
عەمار حەکیم جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی داهاتوو نابێت لەسەر بنەمای "پشکپشکێنە و موجامەلەی سیاسی" دابڕێژرێت، بەڵکو دەبێت بنەمای کارەکانی لێهاتوویی، دەستپاکی و ئەزموون بێت. داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتەکان و ئامادەی "سازشی بەرپرسانە" بن.
 
لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە، حەکیم روونیکردەوە کە پێویستە ئابووری لە چوارچێوەی "تەنیا ژمارە و خشتەکان" بێتە دەرەوە و ببێتە هەوێنی دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.
 
حەکیم پێیوایە، "رووبەڕووبوونەوەی راستەقینەی گەندەڵی، دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بەرهەمی نیشتمانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە سێ مەرجی سەرەکین بۆ گەشەی ئابووری."
 
عەمار حەکیم جەختی کردەوە کە هێزی عێراق لە قۆناخی داهاتوودا بەوە دەپێورێت کە تاوەکو چەند دەتوانێت ئابوورییەکی سەقامگیر بونیات بنێت و ئومێد بۆ پاشەڕۆژێکی شکۆمەندانە بۆ هاونیشتمانییان بگەڕێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نووری مالیکی کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا

فراکسیۆنی سۆیانا لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی وەزارەتێکی حکومەتی عێراق: مالیکی بەڵێنی دا پشتگیریمان بکات

سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیاناى کریستیان دەڵێ، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، نووری مالیکی بەڵێنی پێداون کە پشتگیرییان بکات بۆ وەرگرتنی وەزارەتێک لە حکومەتی نوێ و دەڵێت: "چەند بەربژێرێکمان بۆ ئەو وەزارەتە هەیە".