هادی عامری: لەگەڵ کاک نێچیرڤان رێککەوتین پەلە بکرێت لە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر
هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی بەدر رایگەیاند، لە دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، یەکێک لەو بابەتانەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنی لەسەر کرا پەلەکردن بوو لە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز. 

شەوی 23ـی ئایاری 2026، هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداوی دایەوە.
 
هادی عامری لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشە هەڵپەسێردراو و کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. تیشکی خستە سەر کێشەی نەوت و گاز: "لە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکاندا کاتێک برای خۆشەویستمان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، یەکێک لەو بابەتانەی رێککەوتنی لەسەر کرا پەلەکردن بوو لە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز." 
 
لەبارەی ئەو بابەتانەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد، رایگەیاند، گفتوگۆمان کرد لەبارەی چۆنێتی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سەختەکان کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای "ئەو جەنگە ستەمکارانە کە ئەمریکا و دوژمنی زایۆنی لە دژی کۆماری ئیسلامی دراوسێمان". 
 
عامری باسی لەوەش کرد، "دۆخی ئابووری بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت کێشەی تێکەوتووە، ئاڵنگاری سەخت هەن دەخوازێت هەمووان یەکڕیز بین."
 
هەروەها گوتی: "سەردانەکەی بەڕێزیان بۆ پیرۆزباییکردنە لە بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران. هەروەها بۆ ئەوەیە کە هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. هاوکات تاوتوێی تەواوکردنی پرۆسەی دەنگدانمان کرد بۆ ئەو وەزارەتانەی ماون دوای جەژن و دوای گەڕانەوەی پەرلەمانتاران لە حەج. بەمەش حکومەت بە هەموو کایەکانییەوە پێکدێت و هەمووان شان دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی لە پێناو سەرخستنی ئەم حکومەتە و تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە." 
 
هادی عامری لە وەڵامی پرسیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی گوتی: "حەشد بە یاسا دامەزراوە و هەڵناوەشێتەوە. حەشد بە دوو ئاست دامەزراوە، بە ئاستی شەرعی بە فەرمانی مەرجەعییەت دامەزراوە. هەروەها لە ئاستی یاساییەوە لەلایەن پەرلەمانەوە دامەزراوە. بۆیە هەر کەسێک لەمبارەیەوە قسە دەکات دەبێ باش بزانێت پێویستی بە فەرمانی مەرجەعیەت و یاسای پەرلەمان هەیە، ئەمە خەونێکە و نایەتەدی."  

 

 
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو کە تایبەت بوو بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی رێکخراوی بەدر گوتی: "سەرکۆنەی هەموو هێرشێکمان کرد ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە و قبووڵمان نەکردووە. ئیشاڵڵا و بەویستی خوا لەگەڵ برایان قسەمان ئەوە بووە کە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نابنەوە."    
سەبارەت بە بۆچوونی هادی عامری لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، رایگەیاند: "پێویستە ئەوە بڵێین کە کێشە لەنێوان هەردوولایەن هەیە. ناکرێ خۆمان لە واقیع بەدوور بگرین و نکۆڵی لە بوونی کێشەکان بکەینەوە. بەڵێ کێشە هەیە، بەڵام پێموایە یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەبێ یاسای نەوت و گاز پەسند بکرێت. هەر بۆیە لە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکاندا کاتێک برای خۆشەویستمان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، یەکێک لەو بابەتانەی رێککەوتنی لەسەر کرا پەلەکردن بوو لە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە