مەسرور بارزانی لە بەغدا؛ کردنەوەی کڵاوڕۆژنەی چارەسەر

17 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک لە بەغدایە. سەردانەکە دوو رۆژ دەخایێنێت و بڕیارە یەکشەممە بگەڕێتەوە هەولێر. 
 
مەسرور بارزانی، لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێراق کۆبووەوە.
 
قسەی زەیدی لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان
 
کۆبوونەوەی لووتکە، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. لەبارەی وەڵامی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچە پێش جەژن، مەسرور بارزانی بە رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی بابەتەکانی دیکە بکرێ و حاڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەکو مووچەخۆرانی عێراقە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان "ئەرێنی" بوون. 
 
مەسرور بارزانی بە رووداوی گوت، "لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەستن بە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی باش لەوبارەیەوە هەیە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی "جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی مەسرور بارزانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە: ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان، گەیشتن بە رێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی."

 

 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراق بکات.
 
رێزگرتن لە دەستوور و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی
 
هەر لە ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ی ئایاری 2026، لە درێژەی کۆبوونەوە و دیدارە فەرمییەکانیدا لە بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و گشتیی عێراق تاوتوێ کرا و هاوکات جەخت لە رۆڵی گرنگ و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کرایەوە، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هاوڕابوون لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە بنەماکانی دەستوور، چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و پاراستنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق.
 
دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ تەواوی کێشەکان
 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
  
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە دیدارەکەدا دۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا.
 
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ تەواوی ئەو کێشانە.
 
مەسرور بارزانی: وەڵامی ئەرێنیمان وەرگرتووە
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کۆبووەوە. لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی گوتی: "وەڵامی ئەرێنیمان وەرگرتووە کە دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
دوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی و محەممەد حەلبووسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیان بۆ میدیا کرد.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، "خۆشحاڵین بە دیدار و بینینی بەڕێز حەلبووسی و حیزبی تەقەدووم، ئێمە پەیوەندییەکی کۆن و دوورودرێژمان هەبووە، بۆ ئەوە هاتووین دیسان تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە کە بتوانین ئەو کێشانەی کە هەن چارەسەریان بکەین و هەنگاوی نوێ بنێین بۆ ئەوەی بیر لە داهاتوویەکی باشتر و پشتیوانیی حکومەتی ئێستای فیدراڵی."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تەقەدوم، مەسرور بارزانی، کە جێگری سەرۆکی پارتیشە گوتی: "بیر و بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە زۆر کاتدا دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە ئینشائەڵڵا دەتوانین هەنگاوی نوێتر بهاوێژین و چاومان لەوەیە کە ئینشاڵڵا لە داهاتوو پەیوەندیی زۆر زۆر باشترمان هەبێت."
 
مەسرور بارزانی، باسی دیدی حەلبووسیی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی: "زۆر جار پشتیوانی ئەوەبوون  کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک ئێستا، پێشتریش پشتیوانی ئەوەبوون کە کێشەی مووچە چارەسەر بکرێ، نەک تەنیا بەڕێز (حەلبووسی) کە خۆی لێرە ئامادەیە، بەڵکو هەموو ئەو لایەنانەی کە ئەمڕۆ بینیومانن، هەموویان داکۆکییان لەوە کردووە کە بابەتی مووچە کێشەیەکی بنەڕەتییە و دەبێ چارەسەر بکرێت و نابێ تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێ."
 
چەند پرس و کێشەیەکی چارە نەکراو لەنێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە، دیارترینیان بابەتەکانی (مووچە، بودجە، مادەی140 و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران)ن. مەسرور بارزانی لەوبارەوە گوتی: "قسەمان کردووە و وەڵامی ئەرێنیشمان وەرگرتووە و هەموویان هاوڕابوون کە دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."
 
حەلبووسی: سەردانی هەولێر دەکەم
 
هاوکات محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم باسی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی: "سەردانەکەی بەڕێزیان (مەسرور بارزانی) لەم کاتەدا زۆر گرنگە." گوتیشی: "پێکەوە جەختمان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی عێراق کرد و گرنگی پاراستنی بنەما جێگیرەکان و تەواوی مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق. هەروەها گرنگە لە بەرپرسیارێتییەکاندا هاوبەش بین و بەرپرسیارانە رووبەڕووی هەموو سەختی و ئاڵنگارییەکان ببینەوە."
 
سەرۆکی حیزبی تەقەدوم دەڵێ، پێویستمان بە هاوئاهەنگییە بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان سەربەخۆ بێت و جگە لە عێراقییەکان کەس دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی نەکات. "هەروەها پێویستە شکۆی خەڵک و شایستەکانیان پارێزراو بێت لە رێگەی دەستگرتن بە دەستوورەوە." 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوو و پرسیاری لە حەلبووسی کرد: دوو هەفتە پێش ئێستا کاک نێچیرڤان و ئەمڕۆش کاک مەسرور سەردانی کردن، ئێوە کەی سەردانی هەولێر دەکەن؟ حەلبووسی لە وەڵامدا گوتی: "بەمنزیکانە ئینشائەڵڵا." 
 
گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
 
کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر بوو.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات بکات.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و حەیدەر عەبادی دا، تیشک خرایە سەر ئەو چاکسازییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامی داون.
 
رێزگرتن لە دەستوور و مافی پێکهاتەکان
 
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ عەبدولحوسێن مووسەوی، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى (نه‌هج)ى نيشتمانى کۆبووەوە.
 
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و برەودان بە هاريكارى و هاوئاهەنگیی نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان کرا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەكان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکابوونی وەک وەزیری نوێی تەندروستیی فیدراڵ لە عەبدولحوسێن مووسەوی کرد.
 
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و رێزگرتن لە دەستوور و مافی گشت پێکهاتەکان کردووەتەوە.
 
هادی عامری: تاوتوێی دەنگدانمان بە بەربژێر بۆ وەزیرانی دیکە کرد
 
کۆبوونەوەیەکی دیکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر بوو. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، هادی عامری بە رۆژنامەڤانانی گوت: "خۆشحاڵ بووم بە دیداری برامان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم. گفتوگۆمان لەسەر هەموو بابەتەکان کرد. یەکەمیان گفتوگۆمان کرد لەبارەی چۆنێتی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێ بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سەختەکان کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای ئەو جەنگە ستەمکارانە کە ئەمریکا و دوژمنی زایۆنی لە دژی کۆماری ئیسلامی دراوسێمان."
 
بە گوتەی عامری، دۆخی ئابووری بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت "کێشەی تێکەوتووە"، ئاڵنگاری سەخت هەن دەخوازێت هەمووان یەکڕیز بین. "سەردانەکە بۆ پیرۆزباییکردنە لە بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران. هەروەها بۆ ئەوەیە کە هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی."
 
هادی عامری دەڵێت: "تاوتوێی تەواوکردنی پرۆسەی دەنگدانمان کرد بۆ ئەو وەزارەتانەی ماون دوای جەژن و دوای گەڕانەوەی پەرلەمانتاران لە حەج. بەمەش حکومەت بە هەموو کایەکانییەوە پێکدێت و هەمووان شان دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتی لە پێناو سەرخستنی ئەم حکومەتە و تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە. 
 
عامری: حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، لەبارەی داهاتووی حەشدی شەعبی پرسیار لە سەرۆکی رێکخراوی بەدر کرا و لە وەڵامدا گوتی: "حەشد بە یاسا دامەزراوە و هەڵناوەشێتەوە. حەشد بە دوو ئاست دامەزراوە، بە ئاستی شەرعی بە فەرمانی مەرجەعییەت دامەزراوە. هەروەها لە ئاستی یاساییەوە لەلایەن پەرلەمانەوە دامەزراوە. بۆیە هەر کەسێک لەمبارەیەوە قسە دەکات دەبێ باش بزانێت کە پێویستی بە فەرمانی مەرجەعیەت و یاسای پەرلەمان هەیە، ئەمە خەونێکە و نایەتەدی."
 
عامری بۆ رووداو: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانمان قبووڵ نەکردووە
 
پەیامنێری رووداو، لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە هادی عامری پرسی: لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گفتوگۆتان کرد؟
 
 
لە وەڵامدا گوتی: "سەرکۆنەی هەموو هێرشێکمان کرد کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە و قبووڵمان نەکردووە. ئیشاڵڵا و بەویستی خوا لەگەڵ برایان قسەمان ئەوە بووە کە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نابنەوە."  
 
"یاسای نەوت و گاز کۆڵەکەی کێشەکانە"
 
هادی عامری دەڵێت: "کێشە لەنێوان هەردوولایەن (هەولێر و بەغدا) هەیە. ناکرێ خۆمان لە واقیع بەدوور بگرین و نکۆڵی لە بوونی کێشەکان بکەین. بەڵێ کێشە هەیە بەڵام پێموایە یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەبێ یاسای نەوت و گاز پەسند بکرێت."

 

 
گوتیشی: "لە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکاندا کاتێک برای خۆشەویستمان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، یەکێک لەو بابەتانەی رێککەوتنی لەسەر کرا پەلەکردن بوو لە داڕشتنی یاسای نەوت و گاز."
 
"پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان"
 
 
کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو.
 
بە گویرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا، کە ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە رێزگرتن لە دەستوور و سیستمی فیدراڵی و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە