رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە؛ یەکێک لە پرسەکانی نێوانیان خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لە گرنگیی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پێدانی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە کرد.
پرسێکی دیکە حەشدی شەعبی بووە، مارکۆ روبیۆ "نیگەرانیی قووڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە، کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە. جەختی لەوەش کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی نفوزی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات."
سوودانی بۆ روبیۆ: دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانمان بێت
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سوودانی گوتوویەتی، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە بڕیارەکانی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ئەوەش بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە خەزێنەی گشتیی وڵات.
بەپێی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، چوارچێوەکانی یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی هاوکار دەبن لە چارەسەرکردنی کێشە دارایی و یاساییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ