روبیۆ بۆ سوودانی: گرنگە بە بەردەوامی مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە؛ یەکێک لە پرسەکانی نێوانیان خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لە گرنگیی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پێدانی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە کرد.