کۆمیسیۆن دوو بەربژێری پارتی و یەکێکی یەکێتی گەڕاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆن 70 بەربژێر دەگەڕێنێتەوە کە دووانیان پارتین و یەکێکیان یەکێتییە، 46 بەربژێری دیکەش بە هۆکاری جیا بە یەکجاری دوورخرانەوە، دوو بەربژێر هەر یەکێکیان بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دران.
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، لەو 46 بەربژێرەی بە یەکجاری دوورخراونەتەوە، 39یان بەربژێر پێشتر لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دوورخراونەتەوە بە تۆمەتی ئەوەی بڕگەی پێنج لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەیانگرێتەوە.
بڕگەی پێنج لە مادەی حەوتی یاساکە رێگری لەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارێتیی باڵایان لە حیزبی بەعس هەبووە بەوەی ببنە بەربژێر لە هەڵبژاردنەکەدا.
حەوت بەربژێری دیکەش کە بە یەکجاری دوورخرانەوە، پێشتر لەسەر پرسی دیکە بڕیاری دوورخستنەوەیان دراوە و تانەکانیان لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن رەتکراونەتەوە.
بەگوێرەی بڕیارێکی دیکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران،7 بەربژێری دیکە گەڕێنرانەوە لە دوای ئەوەی تانەیان لە بڕیاری دوورخستنەوەیان داوە.
ئیبراهیم مەحموود، گەلاوێژ عەلی ئەمین،بەربژێرانی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگاى نەینەوا و فەواز غازی، بەربژێری لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەمان پارێزگا لەنێو ئەو بەربژێرانەن کە گەڕێنراونەتەوە.
دوو بەربژێر بە پێنج ملیۆن دینار سزادران
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە دوو بڕیاری جیا، دوو بەربژێری بە پێبژاردن سزا داوە بەهۆی ئەوەی پێشێلکاریی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
خالید مەفرەجی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک یەکێک لە سزادراوانە کە بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دراوە.
بەربژێرە سزادراوەکەی دیکە زەینەب تەمیم، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی تەسمیمە لە پارێزگای بەسرە کە ئەویش بە هەمان بڕە پارە سزا دراوە.
بەگوێرەی بڕیاری سزادانەکە ئەو بەربژێرە ژنە، بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی کردووە.
بڕیارە بانگەشەی هەڵبژاردن لە 9ى تشرینی یەکەم دەستپێبکات تاوەکو 8ى تشرینی دووەم کە رۆژێک بەر دەنگدانی تایبەتە بەردەوام بێت. بەڵام پەسندکردنی ئەو رۆژە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە.
9539 قوتابخانە بۆ دەنگدان پێویستن
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی وەزارەتی پەروەردە لە 5ى تشرینی دووەمی 2025ـەوە دەست بە وەرگرتنی ئەو قوتابخانانە دەکات کە وەکو ناوەندی دەنگدان بەکاردەهێنرێن و ئەو هەنگاوە تاوەکو 13ى هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 9ى تشرینی دووەمی ئەم ساڵ و دەنگدانی گشتی دوو رۆژ دواتر دەبێت.
جومانە غەلای رایگەیاند، بۆ دەنگدان پێویستیان بە 9 هەزار و 539 قوتابخانە دەبێت بۆ ئەوەی وەکو ناوەندی دەنگدان بەکاریان بهێنن.