بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت درا

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دا.
 
پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، کۆسپی سەرەکی بەردەم خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام پەیامنێری رووداو دەڵێت، "خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هەناردەکردنەوەی نەوت بووە."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، جگە لە هەناردەکردنەوەی نەوت،  دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 7 بنێرێت، بۆ ئەوەی دارایی فیدراڵ مووچەی مانگی 7 بنێرێت. 
 
لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو، هەڵکەوت عەزیز زانیویەتی، رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت، زامنی مووچەی مانگەکانی داهاتوویش دەکات و ئاستەنگیان بۆ دروست نابێت. 
 
رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی خستەڕوو. بۆچوونەکەیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ کرا. 
 
بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وابووە کە لەسەر بنەمای هەردوو یاسای بودجەی گشتی، کارگێڕی دارایی دەبێت رسوومات و باجی گومرگ، کرێی موڵکی دەوڵەت و فرۆشتنی بەتەواوی رادەستی وەزارەتى دارایی فیدراڵ بکرێت، بەڵام داهاتەکانی دیکەی دەروازە سنوورییەکان جگە لە گومرگ 50%ی بۆ هەرێمی کوردستان بێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت نەداوە، بەڵکو بڕیاری داوە لیژنەیەک بۆ راڤەکردنی بۆچوونەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت پێکبهێندرێت.