"عێراق بە تڕێلە پارە و دەرمان بۆ مووسڵ دەنێرێت"

24-02-2015
محەممەد هادی
نیشانەکردن عێراق مووسڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

قایمقامی قەزای دووزخورماتوو دەڵێت چەند فەرمانبەرێك كە ئەو بە "داعش" ناویان دەهێنێت، دەچنە بەغدا و دەرمان و مووچەی فەرمانبەرانی ژێر دەستی داعش وەردەگرن و بە ترێلە دەیگوازنەوە بۆ ئەنبار و لەوێشەوە بۆ مووسڵ.

شەلال عەبدول، قایمقامی قەزای دووزخورماتوو بە (رووداو)ی گوت، تاوەكو ئێستا بەغدا مووچە و دەرمانی لەو ناوچانە نەبڕیوە كە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان و باسی چۆنیەتی گواستنەوەی پارە دەكات بۆ ژێر دەسەڵاتی داعش.
 
شەلال گوتی "لە چەند رێگایەكی تایبەتەوە لە سنووری نێوان پارێزگای ئەنبار و بەغدا، چەند دكتۆرێك و چەند فەرمانبەرێكی بانكی كە سەر بە داعشن، دەچن بۆ بەغدا، لەوێوە مووچە و دەرمانی پێویست لە رێگای چەند تڕێلەیەكەوە دەگوازنەوە بۆ ئەنبار و لەوێشەوە بۆ مووسڵ، دواتر لە رێگای چەكدارانی داعشەوە بەسەر نەخۆشخانەكان و فەرمانبەرەكاندا دابەش دەكرێت". گوتیشی "چەكدارانی داعش بەشێك لەو پارەیە بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و بەشەكەی دیكەش دەدەنە فەرمانبەران".

ناردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق جارێك بە بیانووی نەبووی پارە و جارێكیش بە بیانووی ئەوەی گوایە  هەولێر پابەند نەبووە بە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت.

بەڵام ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە عێراق كێشەی پارەی هەبێت و گوتی "عێراق داهاتی هەیە، بەڵام ئیدارەدانی ئەو داهاتە كێشەی بۆ دروستكردووە". گوتیشی "هۆكاری نەناردنی بەشە بودجەی كوردستان سیاسییە نەك نەبوونی پارە، چونكە عێراق ئێستا جگە لەو داهاتەی كە مانگانە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكان دەستیدەكەوێت، نزیكەی 67 ملیار دۆلاری یەدەگی لە بانكی مەركەزی و 3 تریلیۆن دیناری لە سندوقی DFIدا هەیە".

شەلال عەبدول باسی رێگەیەكی دیكەی ناردنی پارەی كرد بۆ داعش و گوتی "چەند جارێك لە رێگای حەویجە، لە رێگای حەواڵەی بانكییەوە، چەند كەسێك چەكی بانكی لەو ناوچانە دێنن و لە بازاڕی دراو لە هەولێر و كەركووك بەرامبەر بە پارەیەكی كەمتر دەیگۆڕنەوە، دواتر ئەو پارانە لە رێگای ئۆتۆمبێلەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی داعش دەگوازنەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە