ئەنبار چوونە دەرەوەی مەڕوماڵاتی قەدەخەکرد
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئەنبار بڕیاری دا رێگە نەدات بە چوونە دەرەوەی مەڕوماڵات لەو پارێزگایە لە ماوەی مانگی رەمەزاندا. بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەو بڕیارە بۆ رێگرییە لە گرانبوونی نرخی گۆشت.
بڕیارەکەی عومەر مشعان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار لە 21ی شوباتی 2026 ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و پۆلیسی ئەنبار کراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت لە ماوەی مانگی رەمەزاندا رێگری بکرێت لە چوونە دەرەوەی مەڕوماڵات لە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکە.
پارێزگاری ئەنبار لە نووسراوەکەیدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، ئەو بڕیارە بە وردی جێبەجێ بکەن و رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر، کە سەرپێچی دەکەن.
عەدنان کوبەیسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارە بەهۆی گرانبوونی نرخی گۆشت بووە لە ئەنبار و رێکارێکی کاتییە."
نرخی کیلۆیەک گۆشتی مەڕ لە ئەنبار بە 16 هەزار دینار و ئاژەڵی دیکە بە 12 هەزار دینارە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دیاریکراوە.
عەدنان کوبەیسی رایگەیاند، بەر لە بڕیاری قەدەخەکردنەکە، رۆژانە 800 بۆ هەزار سەر مەڕ لە ئەنبار دەبرانە دەرەوە بۆ شارەکانی دیکە.