لە سێ مانگدا داعش 400 منداڵی بردووەتە ناو ریزەکانی

24-03-2015
رێبوار قارەمانی
نیشانەکردن داعش منداڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، داعش لە مانگی کانوونی دووەمەوە بە لایەنی کەم 400 منداڵی هێناوەتە ناو ریزەکانی خۆی، بۆ ئەوەی مەشقی سەربازی و فێرکاری ئایدیۆلۆژییان پێبدات.

ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو ئەو منداڵانە تەمەنیان لەخوار 18 ساڵە و لە نزیک قوتابخانە، مزگەوت و شوێنە گشتییەکان بردراون، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی خەڵکی خۆجێی شوێنەکە لە لایەن داعش تووشی ئەشکەنجە و کوژران بوونەتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، منداڵێک دەردەکەوێت کە تێیدا منداڵەکە بە گوللە عەرەبێکی ئیسرائیلی دەکوژێت، کە داعش بە سیخوڕی تۆمەتباری کردبوو. پۆلیسی فەرەنسا رایدەگەیەنێت کە ئەم کوڕە دەشێت زڕبرای محەممەد مەراح بێت کە ساڵی 2012 لە شاری تۆلۆزی فەرەنسا 3 سەرباز و یەک رەببی و سێ منداڵی جوولەکەی کوشتبوو.

رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری، سەبارەت بەم مەسەلەیە دەڵێت: " ئەوان منداڵ وەردەگرن، لەبەر ئەوەی شووشتنەوەی مێشکیان ئاسانترە. هەر بۆیەش دەتوانن ئەو منداڵانە بکەن بەو جۆرە کەسەی کە خۆیان دەیانەوێت. داعش رێگە نادات ئەم منداڵانە بچنە قوتابخانە گشتییەکان، بەڵکو دەیاننێرن بۆ قوتابخانەکانی داعش."

شارەزایان پێیانوایە، هۆکاری بردنی منداڵەکان بۆ ناو ریزەکانی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم رێکخراوە لە لایەکەوە کوژراوی زۆرە و لە لایەکی دیکەشەوە وەکو جاران ناتوانێت کەسانی تەمەندار بەرێتە ناو ریزەکانی خۆیەوە. 

بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنها120 کەس هاتوونەتە ناو ریزەکانی داعش. بەشێک لە هۆکاری ئەمەش دەشێت تووندتربوونی کۆنترۆڵی سەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا بێت.

لە چەند مانگی رابردوودا، رێکخراوی داعش داوای لە خانەوادەکان کردووە منداڵەکانی خۆیان بنێرنە کەمپەکانی مەشقی چەکدارانی داعش، هەر خانەوادەیەکیش منداڵەکانی خۆی نەنێرێت، بە گوشار دەیبەن.

ئەم منداڵانە لە کەمپەکانی مەشقکردندا فێری تەقەکردن، شەڕی مەیدانی دەکرێن، داعش هەروەها منداڵەکان وەکو سیخوڕ و پاسەوانی بارەگاکانی خۆشیان بەکاردەهێنن.

وێنەی کۆمەڵێک منداڵی ناو ریزەکانی داعش












کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە