کشتوکاڵی نەینەوا: ئەمساڵ بەرهەمی گەنممان دەگاتە 1.67 ملیۆن تۆن

24-03-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کشتوکاڵی نەینەوا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار تۆن، دەشڵێت تائێستاش 400 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردوو لە کۆگاکان ماوە. 
 
عەبدوڵڵا حەمۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا، رۆژی یەکشەممە 24ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کۆبوونەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەی ئامادەکارییەکانی وەرزی دروێنەی ئەمساڵ لە نەینەوا کردووە، کە لەنێوەڕاستی مانگی ئایار بۆ جۆ و لە کۆتایی مانگی ئایار بۆ بەرهەمی گەنم دەستپێدەکات.
 
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا، زیاتر لە 1.5 ملیۆن دۆنم زەوی لە پارێزگای نەینەوا هەیە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە، 4 ملیۆن دۆنم زەویش لەنێو پلانی کشتوکاڵییە، بۆیە داوایان کردووە ئەوانەی ماونەتەوە، بخرێنە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە، وەزیری کشتوکاڵیش داوای زانیاریی بەرایی کۆی بەرهەمی هەموو پارێزگاکەی کردووە، دواتر بڕیار دەدات چەند دۆنم بخرێتە نێو پلانی وەرگرتنی گەنم و بەم نزیکانە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دەدات.
 
عەبدوڵڵا حەمۆ، پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە پارێزگاکەدا بگاتە ملیۆنێک و 670 هەزار تۆن گەنم، کە ئەگەری کەمی و زیادی هەیە. ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو نەینەوا 920 هەزار تۆن گەنمی رادەستی وەزارەتی بازرگانی کردووە. 
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا باس لە کێشەی کەمیی ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم کرد و گوتی ساڵی رابردوو تەنیا 8 ناوەندیان هەبووە، کە تواناکەی کەمتر لە ملیۆنێک تۆن بووە، ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا نزیکەی 400 هەزار تۆنی ساڵی رابردوو لە کۆگاکان ماوە، بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا 100 هەزار تۆنیان بەکاربهێنرێت.
 
عەبدوڵڵا حەمۆ گوتی "پارێزگای نەینەوا پێویستی بە زیاتر لە 15 ناوەندی وەرگرتنی گەنم هەیە، بۆیە بڕیارە کۆگای مابەینە نەهرێن بکرێتەوە، کە 4 ناوەند لەخۆدەگرێت، ئەوە وێڕای فراوانکردنی سایلۆکانی پارێزگاکە."
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە 17ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی گەنم دەستیان پێکردووە و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی لە هاوئاهەنگیدان و ئامادەکارییەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و تەرخانکردنی شوێنی وەرگرتن و کۆگاکردنی گەنم دیاری کردووە. 
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی پێنج ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێویستی نێوخۆیی زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
 
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی گوتی "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی گفتوگۆ کراوە کە جووتیاران دوای رادەستکردنی گەنمەکانیان لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەربگرن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە