رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆى عێراق کۆتوبەندى سەر دۆسیەى کوردى فەیلی لە بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى شارستانى هەڵدەگرێت.
ئەو بڕیارەى وەزارەتى ناوخۆ بە نووسراو بۆ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەر بەو وەزارەتە نێردراوە. بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لەژیاندان یان مردوون.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "بەگوێرەى ئەو بڕیارە، دۆسیەى کوردانى فەیلی لە بیانییەوە دەگوازرێنەوە بۆ دۆسیەى هاووڵاتیان، وەک هەر هاووڵاتییەکى دیکەى عێراق مامەڵە فەرمییەکانیان دەکەن."
ئەو کۆتوبەندانە لە سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى عێراق داندراون، کوردانى فەیلی وەک هاووڵاتیى بیانى هەژمار کردووە، لە دواى ئەوەى راگوازراون و دەرکراون بۆ دەرەوەى وڵات.
عەلى جیهانگیر، کە سەرۆکایەتى لیژنەیەک دەکات بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسیەى کوردانى فەیلى گوتی، ئەو بڕیارە کوردانى فەیلى نێو عێراق و ئەوانەش دەگرێتەوە، کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کوچ و کۆچبەرانى عێراق؛ سێ ملیۆن کوردى فەیلی لە عێراق هەن، 160 هەزار خێزانى کوردی فەیلی لە کۆمارى ئیسلامى ئێرانن، کە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس بە پاساوى نەبوونى رەگەزنامەى عێراقى، راگوازران بۆ ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ