عێراق وەزارەتی ئەوقافی نییە؛ گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نێو هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا پێشنیازێک بۆ پێکهێنانی وەزارەتێکی نوێ بە ناوی "وەزارەتی ئەوقاف" گەرمبووە. ئامانج لێی یەکخستنی دیوانەکانی وەقف و چارەسەرکردنی کێشەی پشکی ئەو لایەنانەیە کە وەزارەتیان بەرنەکەوتووە، بەڵام بەرپرسانی وەقفی سوننە دەڵێن، یەکخستنی وەقفەکان پێویستی بە گۆڕانکاریی دەستووری هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە 24ـی ئایاری 2026 عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشنیازێک بۆ دروستکردنی وەزارەتی ئەوقاف پێشکێشکراوە، بۆ ئەوەی بدرێتە ئەو لایەنانەی کە تاوەکو ئێستا شایستەی وەزارییان وەرنەگرتووە." 
 
بە گوتەی عەقیل ردێنی، هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، بەڵام هاوکات پێشنیازێکی دیکەش بۆ پێکهێنانی "هێزێکی فیدراڵی" هەیە کە پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لەخۆبگرێت.
 
بەڵام دکتۆر محەممەد ساڵح، بریکاری سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە بە رووداوی راگەیاند، ئەو پرسە تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئەواندا باس نەکراوە و جێبەجێکردنیشی بە "زۆر قورس" ناوبرد. 
 
محەممەد ساڵح دەڵێت: "هەریەک لە وەقفەکان رەهەندی ئایینی و مەرجەعیەتی تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆیە یەکخستنیان لە ژێر یەک وەزارەتدا لەم کاتەدا جێبەجێ ناکرێت و پێویستی بە داڕشتنەوەی دەستووریش هەیە."
 
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی عەشایەری و سەرکردە لە حەشد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پێشنیازەکەیان گەیاندووەتە پەرلەمان. ئامانجیان ئەوەیە هەر سێ دیوانەکەی (شیعە، سوننە و ئایینەکانی دیکە) لە وەزارەتێکدا یەکبخرێن.
 
جەزائیری گوتی: "ئێمە دەمانەوێت مامەڵە لەگەڵ وەزارەت بکەین نەک دەستە (دیوان)، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف گونجاوە؛ هەرچەندە لایەنی ناڕازی هەن، بەڵام ئەمە بۆ دەنگدانی نێو پەرلەمان جێدەهێڵین."
 
ئێستا لە عێراق بەپێی مادەی 103ـی دەستوور، کاروبارە ئایینییەکان لە رێگەی سێ دیوانی سەربەخۆوە بەڕێوەدەبرێن کە بریتین لە دیوانی وەقفی شیعە، دیوانی وەقفی سوننە و دیوانی ئەوقافی ئایینەکانی (مەسیحی، ئێزدی و سابیئەی مەندائی).
 
هەر گۆڕانکارییەک لە پێگەی ئەم دیوانانە و یەکخستنیان لە نێو وەزارەتێکدا، پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور یان دەرکردنی یاسایەکی نوێ لە پەرلەمان هەیە، کە ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لە نێوان لایەنە ئایینی و سیاسییەکاندا دروستکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قاسم ئەعرەجی

قاسم ئەعرەجی بۆ مەسرور بارزانی: شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. ئەعرەجی رایگەیاند ئەوان شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەن، چونکە رۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە.