وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: ئاسمانی باشوور و فڕۆکەخانەی بەسرە کرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئاسمانی باشووری عێراق کرایەوە. گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە دەستپێدەکەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی دیکە دەکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەسرە دەستیان پێکردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، گەشتەکان لەو فڕۆکەخانەیە راگیرابوون.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئاسمانی باشووری عێراق کرایەوە و گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەسرە دەستیان پێکردەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە 13ی حوزەیران، گەشتەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە دەستیان پێکردووەتەوە.
مەیسەم سافی رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت بۆ بڕیاردان لە بارەی دەستپێکردنەوەی گەشتی فڕۆکەخانەکانی دیکە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی شەڕ رێککەوتوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغداوە دەستی کەوتووە، "ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق دەستپێبکەنەوە، ئەگەر ئاگربەستەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."