نزیکەی 6,000 بەربژێر رکابەری لەسەر 285 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت، نزیکەی 6,000 بەربژێر هەن، رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن، لەو ژمارەیە 10 کورسییان تایبەتن بە پێکهاتەکان، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت ژمارەیەک پێشێلکاریی بەربژێرانیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکردووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.
لەو بەربژێرانە 4 هەزار و 242یان لە رەگەزی نێرن، واتە 71.8٪ـی کۆی بەربژێران. هەروەها هەزار و 662شیان لە رەگەزی مێن، واتە 28.1٪ـی بەربژێران، بەو پێیە هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگا زیاتر لە 20 بەربژێری بەردەکەوێت.
رۆژی هەینی، 24-11-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی بەربژێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆریی بەربژێران یەکێکە لە نیشانە دروستەکان لە هەڵبژاردن، پێمانوایە جگە لە رەخساندنی دەرفەت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە مەرجەکانیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، جێبەجێکردنێکی کرداریی دیموکراسییە."
عیماد جەمیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ژمارەیەک پێشێلکارییان تۆمارکردووە. گوتیشی: "ئەو ئامێرانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەکارهاتوون، هەمان ئەو ئامێرانە دەبن کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەکاردەهێندرێن."
ژمارەی بەربژێران بەپێی پارێزگاکان
بەغدا
1449 بەربژێر
998 نێر و 451 مێ
٪68.8 نێر و 31.1٪ مێ
ئەنبار
307 بەربژێر
226 نێر و 81 مێ
٪73.6 نێر و 26.3٪ مێ
بەسرە
517 بەربژێر
379 نێر و 138 مێ
٪73.3 نێر و 26.9٪ مێ
قادسییە
261 بەربژێر
187 نێر و74 مێ
٪71.6 نێر و 28.3٪ مێ
موسەننا
191 بەربژێر
141 نێر و 50 مێ
٪73.8 نێر و 26.1٪ مێ
نەجەف
326 بەربژێر
239 نێر و 87 مێ
٪73.3 نێر و 26.6٪مێ
بابل
391 بەربژێر
286 نێر و 105 مێ
٪73.1 نێر و 26.8٪ مێ
دیالە
321 بەربژێر
227 نێر و 94 مێ
٪70.7 نێر و 29.2٪ مێ
زیقار
332 بەربژێر
245 نێر و 87 مێ
٪73.7 نێر و 26.2٪ مێ
سەڵاحەدین
253 بەربژێر
182 نێر و 71 مێ
٪71.9 نێر و 28.6٪ مێ
کەربەلا
250 بەربژێر
173 نێر و 77 مێ
٪69.2 نێر و 30.8٪ مێ
کەرکووک
244 بەربژێر
176 نێر و 68 مێ
٪72.1 نێر و 27.8٪ مێ
میسان
178 بەربژێر
129 نێر و 49 مێ
٪72.4 نێر و 27.5٪ مێ
نەینەوا
623 بەربژێر
466 نێر و 157 مێ
٪74.7 نێر و 25.2٪ مێ
واست
261 بەربژێر
188 نێر و 73 مێ
٪72.0 نێر و 27.9٪ مێ
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، سەبارەت بە رێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکە گوتی: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پابەندە بە جێبەجێکردنی خشتەی تایبەت بە وادەی بەڕێوەچوونی رێکارەکانی یاسایی، هونەری و دارایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لەمبارەیەوە بەشێکی باشی ئامادەکارییەکان تەواو بوون، بەشێکیان بەردەوامە و بەشێکیشیان دەستیپێنەکردووە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەشێکیشیان رۆژی دەنگدان دەبێت."
لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشەوە ئەوەی روونکردەوە کە ئەوان پابەند دەبن لەماوەی 24 کاژێر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەنجامە سەرەتاییەکان رابگەیەنن، گوتیشی: "یاسا بۆی دیاریکردووین و بەپێی یاسا پابەند دەبین، جگە لەوە ژمارەی دەنگەکانی هەر بەربژێرێکیش پێش راگەیاندنی ژمارەی دەنگەکانیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەتوانرێت بزانرێت چەندە."
بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 کە یاسای "هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق ژمارە 12ی 2018"، کورسییەکانی "ئاسایی" ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان و بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتووان دابەشکراون:
- ئەنبار: 16 کورسی
- بەسرە: 22 کورسی
- دیوانیە: 14 کورسی
- موسەنا: 12 کورسی
- نەجەف: 15 کورسی
- بابل: 18 کورسی
- بەغدا: 49 کورسی
- دیالە: 15 کورسی
- زیقار: 18 کورسی
- سەلاحەدین: 15 کورسی
- کەربەلا: 13 کورسی
- کەرکووک: 15 کورسی
- میسان: 13 کورسی
- نەینەوا: 26 کورسی
- واست: 14 کورسی