هاوپەیمانیی نەسر: چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و راپۆرتى دوو لیژنە دەخرێنەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، ئەمشەو هاوپەیمانیى چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و راپۆرتی دوو لیژنەی هاوپەیمانێتییەکە لەبارەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران و دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان دەخرێتەڕوو.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە لە ماڵی هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر دەبێت و بەشێکە لە کۆبوونەوەی دەوری هاوپەیمانێتییەکە."
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندنکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
سەلام زوبەیدی رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لیژنە راپۆرتی خۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتی کارەکانیان دەخەنەڕوو. لیژنەی دانوستاندن باس لە ئەنجامی سەردانی شاندی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان."
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەم بەدەستهێناوە و گەورەترین فراکسیۆنی بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاندووە.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دیارترین ئەو بەربژێرانەن کە ناویان پێشکێش بە لیژنەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بەدووری زانی، لەو کۆبوونەوەیەی ئەم شەو بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە.