سبەی لە کەرکووک و پارێزگا شیعەنشینەکانی عێراق پشووە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ساڵیادی کۆچیدواییی فاتیمەی زەهراوە، ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و پارێزگا شیعەنشینەکانی عێراق، بڕیاریان دا سبەی، سێشەممە، بکرێتە پشووی فەرمی.
 
هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەغدا، بابل، نەجەف، کەربەلا، زیقار، موسەننا، واست، دیوانییە، بەسرە و میسان، سبەی سێشەممەیان کردە پشوو. بڕیارەکەش بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دواییی فاتیمەی زەهرایە، کە بەپێی گێڕانەوەی شیعەکان شەهید کراوە.
 
تاوەکو ئێستا پارێزگای دیالە پشووی راگەیاندووە، دەریا خەیروڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رۆژی دووشەممە، 24-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە دیالە نەکراوەتە پشوو و چاوەڕێی بڕیاری پارێزگار دەکەین". 
 
لە پارێزگا سوننەنشینەکان جگە لە پارێزگای سەلاحەدین، پارێزگاکانی دیکە نەکراوەتەپشوو، لە ئەنبار، نەینەوا دەوام هەیە. رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی سێشەممە لە پارێزگای نەینەوا دەوامی فەرمییە و پشوو نییە".
 
فاتیمەی زەهرا کێیە؟
 
فاتیمەی زەهرا، کچی محەممەدی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، هاوژینی ئیمام عەلی و دایکی ئیمام حەسەن و ئیمام حوسێنە. مردنەکەی یەکێکە لە رووداوە گرنگ و هەستیارەکانی مێژووی ئیسلام و لەبارەی کات و هۆکارەکەیەوە جیاوازی لە گێڕانەوەی مەزهەبەکاندا هەیە.
 
سەرچاوە مێژووییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی فاتیمە ماوەیەکی کەم دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لە دیاریکردنی ماوەکەدا جیاوازی هەیە؛ هەندێکیان دەڵێن 75 رۆژ، هەندێکی دیکە دەڵێن 95 رۆژ و گێڕانەوەی دیکەش هەیە، کە دەڵێت 6 مانگ دوای باوکی ژیاوە. بەگشتی رووداوەکە دەکەوێتە ساڵی 11ی کۆچی.
 
هۆکاری کۆچی دوایی
 
زۆربەی سەرچاوەکانی ئەهلی سوننە پێیانوایە کە فاتیمەی زەهرا بەهۆی خەم و پەژارەی زۆر بۆ لەدەستدانی باوکی و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.
 
سەرچاوە شیعەکانشیعەکان پێیانوایە فاتیمە شەهید کراوە. بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەوان، دوای رووداوەکانی سەقیفە و کێشەی بەیعەتدان، هێزێک چوونەتە سەر ماڵی ئیمام عەلی و دەرگاکەیان بەسەر فاتیمەدا شکاندووە یان ئاگریان تێبەرداوە، کە بووەتە هۆی شکانی پەراسوو و لەبارچوونی کۆرپەکەی نێو سکی و دواتریش بەهۆی کاریگەریی ئەو برینانەوە شەهید بووە.
 
ساڵانە شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە لەم کاتانەدا مەراسیمی ماتەمینی دەگێڕن کە بە "رۆژانی فاتیمییە" (الأیام الفاطمیة) ناسراوە.