هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەتى عێراق؛ چەند بەربژێرێک دوورخراونەتەوە و بەدر چاوى لە هادى عامرییە

24-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

9 بەربژێر لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق. دەوڵەتی یاسا رەتیدەکاتەوە بەربژێری جێگرەوەى پێشکێش کردبێت، بەدر دەڵێت "ئەگەر بەربژێرمان هەبێت، هادی عامرییە."
 
پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، لە هەوڵێکی ماراسۆنی دان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، کە لە پشکی ئەوانە.
 
خۆبەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، باڵی بەسەر بەربژێرانی ئەو پۆستە لەنێو ماڵی شیعەدا کێشاوە، بەڵام عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بە رووداوی گوت: "جگە لەو دوو کەسایەتییە، بەربژێری دیکەش پێشکێش کراون."
 
رووداو لەگەڵ سێ سەرچاوەی جیاواز و بەرپرسی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی قسەی کردووە، ئەوەیان پشتڕاست کردەوە، کە ئێستا ناوی 9 کەس لەبەردەم لیژنەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران دان.
 
رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە، بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێت بەربژێری سەرۆکوەزیران لەنێوان نۆ کەسدا هەڵبژێردرێت. بوونی بەربژێری جیاواز بۆ ئەوەیە کە بژاردەی زیاتر هەبێت و دەرگا بۆ خۆبەربژێرکردنی کەسانی نوێ بکرێتەوە."
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لیستەکانی رەوتی حیکمە، ئەبشر یا عێراق و حقوق، بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە.
 
محەممەد بەیاتی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی رێکخراوی بەدر، بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا مەکتەبی سیاسیی رێکخراوەکەیان کۆبوونەوەی نەکردووە سەبارەت بە بەربژێری سەرۆکوەزیران، ئەگەر کۆبوونەوە بکەن لەسەر ئەو پرسە، هادی عامری بەربژێریان دەبێت.
 
لیژنەیەکی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی دۆسیەی ئەو بەربژێرانە دەکات، کە ناویان پێشکێشکراوە بۆ ئەوەی ببنە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. یەکلاییکردنەوە بەگوێرەی چەند پێوەرێکە کە سەرەکیترینیان ئەوەیە بەشدار نەبێت لەو هەڵبژاردنانەی کە لە خولی شەشەم دەکرێت، کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و خولی حەوتەمی پەرلەمان دەگرێتەوە.
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، بە رووداوی راگەیاند: نزیکەی 10 بەربژێر هەن، چەند بەربژێرێک بەهۆی ئەوەی مەرجەکانیان تێدا نەبووە دوورخراونەتەوە، پێشنیازی کرد لەکۆتاییدا چوار بۆ پێنج بەربژێر بمێننەوە، کە لەنێویاندا یەکێکیان هەڵبژێردرێت.
 
دەنگۆکان ئێستا بە ئاراستەی ئەوەن هەندێک لە لیستەکان بەربژێری جێگرەوەی بەربژێرە سەرەکییەکانیان هەبێت، بەڵام عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بە رووداوی گوت: "بەربژێری جێگرەوە نییە و تەنیا بەربژێر مالیکییە. یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران بەگوێرەی مافی دەستوورییان دەبێت و وادەیەکی دیکە نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی."
 
دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پێویستی بە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراقە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە، تاوەکو پەرلەمان کۆبوونەوە بکات و سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دواتر سەرۆککۆمار لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەویش بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە