سوودانی و باڵیۆزی تورکیا تاوتوێی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەکەن

25-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق باسی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانیان بۆ بەغدا و سازدانی کۆڕبەندێکی ئابووری لە بەسرە و رۆڵی تورکیا لە پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانیان کرد. سوودانی دەڵێت: "پێویستە لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کارابکرێنەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 25-7-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ عەلی رەزا گیونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی باسی ژمارەیەک پرسی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کراوە، لە نێویاندا  هاوئاهەنگییەکانی هەردوو وڵات و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گەشەپێدانیان.
 
بەپێی نووسینگەی سوودانی، هەردوولا باسیان لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا کردووە، کە هێشتا کاتەکەی دیارینەکراوە، هەروەها باس لە سازکردنی کۆڕبەندێکی کاری ئابووریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە بەسرە کراوە، جگە لە باسکردنی رۆڵی تورکیا لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەپاڵ وڵاتانی دیکەی دراوسێ و دۆسیەی ئاوی هاوبەش و دانانی سەنتەرێکی پێوانەکردنی هاوبەش لەسەر سنووری عێراق و تورکیا.
 
لەو کۆبوونەوەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ ئاڕاستەی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات نیشانداوە بەشێوەیەک ببێتە هۆکارێک بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوبەشی و پێکەوەبەستنی ئابووری و وەبەرهێنان.
 
هەروەها سوودانی کاراکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان و کاراکردنەوەی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێکەوتنەکانی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵاتی بە پێویست زانیوە.
 
چەند ساڵێکە باس لە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەردانەکە نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە