رووداو- مووسڵ
لە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی مووسڵ لە گەڕەكی فەیسەڵییە لە كەشێكی گەرمی تاقەتپڕوكێندا و لە باڵەخانەیەكدا كە هێشتا شوێنەواری سووتان و گوللە بە دیوارەكانییەوە دیارە، ژمارەیەكی زۆر خەڵك كۆببوونەوە. بەتایبەتی لە بەشی كاروباری خوێندكاران، ئەوان زۆربەیان خوێندكار و كەسوكاری خوێندكارانی بەری راستی مووسڵ بوون. هەر یەكێكیان كێشەیەكی جیاوازی پەیوەست بە خوێندنی هێنابووە ئەوێ، سەرچاوەی سەرجەم كێشەكانیش دوو ساڵ و نیو حوكمی خەلافەتەكەی داعش بووە لە مووسڵ كە لە 10ی حوزەیرانی 2014 دا داگیری كرد.
ئەو رێكخراوە هەندێك لە باڵەخانەی خوێندنگەكانی كردە مۆڵگە و سەربازگە و بارەگای چەكدارەكانی، بە تایبەتی لەو شوێنانەدا كە خەڵكەكەی چۆڵیان كردبوو. لە هەندێ ناوچەی دیكە قوتابخانەكان كرابوونە گرتووخانە یان شوێنی ئەشكەنجەدان. بەو هۆیەوە زۆربەی خوێندنگاكان بەر هێرشی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و سوپای عێراق كەوتن، لەو چوارچێوەیەدا سەدان خوێندنگە بە تەواوی خاپوور كران.
زیاتر لە 529 خوێندنگە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بە تەواوی خاپوور بوون یان زیانێكی گەورەیان بەركەوتووە: 38 خوێندنگە لە پارێزگای دیالە، 83 خوێندنگە لە پارێزگای سەڵاحەدین، 14 خوێندنگە لە پارێزگای بابل، 27 خوێندنگە لە پارێزگای كەركووك، 67 خوێندنگە لە پارێزگای بەغدا، 147 خوێندنگە لە پارێزگای ئەنبار و 153 خوێندنگە لە پارێزگای نەینەوا.
بەشێوەیەكی گشتی خوێندن لەو ناوچانەدا كە داعش كۆنترۆڵی كرد نیمچە راوەستانێك راوەستا، چونكە ئەو خوێندنگایانەشی سەلامەت مابوونەوە، داعش كردبوونی بە بارەگا.
موهەنەد خەڵەف، 18 ساڵ، لەنێو قەرەباڵغییەكەی بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەدا وەستا بوو، چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی كێشەكەی بوو، كاتێك داعش هات موهەنەد پۆلی سێی ناوەندی بوو، دوو تاقیكردنەوەی نیشتیمانیشی كردبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە نەیتوانی خوێندنەكەی تەواو بكات.
ئەو گوتی "ئێمە بۆیە دەواممان نەكردووە چونكە داعش مەنهەجی گۆڕی و گوتیان حكومەت دانی پێدانانێ، چاوەڕوان بووین حكومەت بێتەوە، ئێستا حكومەت هاتووەتەوە دەڵێ تۆ ناتوانی تاقیكردنەوە بكەی. بۆچی؟ من تاوانم چییە؟ داعش هات و خوێندن راگیرا، ئایا رەوایە چارەنووسی ئێمە بفەوتێ ؟".
لە كانوونی یەكەمی 2014دا دیوانی فێركردنی سەر بە داعش پرۆگرامەكانی خوێندنی گۆڕی و چەندین بابەت و وانەی دیكەی زیاد كرد بۆ پۆلە جیاوازەكانی خوێندن كە تێیدا فیكر و ئەدەبیاتی داعشی توندئاژۆیان بڵاودەكردەوە.
داعش چەندین وانەی بۆ پۆلەكانی خوێندن زیاد كرد، لەوانە كتێبی پەروەردەی جەستەیی و پەروەردەی جیهادی، وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكانی داعشدا بڵاوكراوەتەوە، جگە لە وانە تیۆرییەكان، بەشێوازێكی پراكتیكیش مەشق بە منداڵان دەكرا.
جگە لەوەش وانەی بیركاری پۆلە بنەڕەتییەكانیان گۆڕی و بیرۆكەی توندئاژۆیانەیان لە هاوكێشە بیركارییەكاندا بەكاردەهێنا، بۆ نموونە لە لاپەڕە 57ی كتێبی بیركاری پۆلی دووەمی بنەڕەتیدا هاتووە: "موجاهیدێك 48 مووشەكی دروست كرد، 34 مووشەكی گرتە بارەگای كافرەكان، ئایا چەند مووشەك دەمێنێتەوە؟".
بۆیە زۆر كەس منداڵەكانیان نەدەناردەوە بۆ خوێندن و زۆرینەیان نزیكەی سێ ساڵ لە خوێندن دابڕان. ئەو منداڵەی دەبوو لە پۆلی سێی بنەڕەتی بێت، لە سایەی داعشەوە ئێستا نەخوێندەوارە.
ئەبو سالم، دەستی منداڵە 8 ساڵانەكەی گرتبوو، دەیویست دووبارە لە پۆلی یەكەم ناوی تۆمار بكاتەوە، لە كاتێكدا دەبوو ئێستا لە پۆلی سێی بنەڕەتی بێت. ئەبو سالم گوتی: "كە داعش هات منداڵەكەم لە پۆلی یەك بوو، ئێستا دوای سێ ساڵ دەبێ لە پۆلی یەكەوە بخوێنێتەوە، ئینجا قوتابخانەش لە نزیك ماڵمان نەماوە".
ئەبو سالم دەڵێت: "سەرەتا منداڵەكەم 15 رۆژ دەوامی كرد، دواتر مەنهەجیان گۆڕی بۆ چەك و تەقەمەنی و ئەو شتانە، ئیدی بە تەواوی بێ ئومێدبووین لە خوێندنی داعش".
داعش تەنیا زیانی ماددی بە ژێرخانی پەروەردە نەگەیاندووە كە كۆی زیانەكان بە 537 ملیار دینار دەخەمڵێنرێ، هاوكات زیانێكی مەعنەوی گەورەشی بە كەرتی خوێندن و پەروەردە گەیاند، ئێستا لە نێو ئەم خەڵكەدا ئەو كێشانە بە ئاشكرا رەنگی داوەتەوە و گرفتێكی گەورەی بۆ منداڵانی نەینەوا دروستكردووە.
سەفا ئیبراهیم، منداڵێكی 12 ساڵان بوو، لەگەڵ دایكی هاتبووە بەڕێوەبەرێتی پەروەردە بۆ ئەوەی ناوی خۆی دووبارە تۆمار بكاتەوە. ئەوكاتەی داعش هاتە مووسڵ سەفا پۆلی چواری سەرەتایی بوو، ئێستا دەبووایە لە پۆلی شەش بێ، بەڵام بەهۆی داعشەوە سێ ساڵی فەوتاوە، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بۆ ئەوەی سەفا قەرەبووی سێ ساڵەكەی بكاتەوە، دەبێ تاقیكردنەوەی پۆلی چوارەم و پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بكات بۆ ئەوەی بچێتە پۆلی شەش.
سەفا گوتی "ئەگەر لە پێنج سەركەوتوو بووم تاقیكردنەوەی شەشیش دەكەم، ئینجا دەچمە ناوەندی، هەرچەندە زۆر قورسیشە بۆ من تاقیكردنەوەی دوو پۆل لە یەك كاتدا، من پۆلی پێنجم خوێند، بەڵام لە نیوەیدا وازم هێنا چونكە داعش مەنهەجی گۆڕی، دەیانگوت دەبابەیەك كۆ دەبابەیەك چەند دەكات؟"
داعش تەنیا خوێندنگەكانی وێران نەكرد، بەڵكو چارەنووس و ئایندەی هەزاران خوێندكاریشی وێران كرد كە ئێستا بە شوێن دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕێن بۆ چارەسەری گرفتەكانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ