لە 45 رۆژدا 1.7 ملیۆن سەرپێچی هاتووچۆ لە بەغدا تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی 45 رۆژدا لە بەغدای  پایتەختی عێراق، ملیۆنێک و 700 هەزار سەرپێچی هاتووچۆ تۆمارکراون. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، "پارەی سزای سەرپێچی لە کەس وەرناگرن." 
 
عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە لە چوارڕیان و رێگە سەرەکییەکانی بەغدای پایتەخت بەشێوەیەکی ئەزموونی کامێرەی چاودێریی زیرەکیان داناوە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی هاتووچۆ و سەیرکردنی سەرپێچییەکان. هیچ کاتێک دیارینەکراوە تاوەکو بەشێوەیەکی فەرمی ئەو کامێرانە بکەونە کار. 
 
گوتەبێژی هاتوچۆی عێراق گوتی، "سەرپێچییەکان تەنیا تۆمار دەکرێن، شۆفێران بە پێبژاردن سزا نادرێن، بەڵکو تەنیا بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیانە بۆ جێبەجێکردنی یاسای هاتووچۆ."
 
کامێراکان 5 بۆ 6 سەرپێچی سەرەکی تۆمار دەکەن کە بریتین لە، نەبەستی پشتێنی سەلامەتیی شۆفێر و سەرنشین، بەکارهێنانی مۆبایل، داخستنی ئاراستەی لای راست، ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئۆتۆمبێلی دیکە بۆ چوونە لای ئاراستەی باکوور، تێپەڕاندنی هێڵی یەکلاکەرەوە، نەوەستان لە چرای سوور و ناڕوونی تابلۆکان. 
 
عەمید زیاد قەیسی جەخت لەوەدەکاتەوە، لە 01-11-2023 تاوەکو 15-12-2023، ملیۆنێک و 700 هەزار سەرپێچی هاتووچۆ تۆمارکراون "سێ ملیۆن و 500 بۆ 4 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بەغدا هەن." 
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسکیل و توک توک کە ژمارەیان لەنێوان 250- 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە.
 
بە گوتەی هینداوی، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل گوشارێکی زۆری بۆ سەر توانای شار و شەقامەکان دروستکردووە، بۆیە ئێستا حکومەت پلانی هەیە رێگەی بازنەیی و شەقامی نوێ دروست بکات بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆری ئۆتۆمبێل، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەپێی پێویست بێت و هانی گواستنەوەی گشتی بدرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان.
  
لەلایەکی دیکەوە، ئەو حەوت ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێلەی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت تۆمارکراون، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی لێ دەرکراوە. لەکاتێکدا بەپێی دوایین ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، "تاوەکو رۆژی 2022/03/31 لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 'ئامێری گواستنەوە' بە فەرمی تۆمارکراون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778ـیان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیلن."