فراکسیۆنەکەى سوودانى داوا دەکات هەفتەى داهاتوو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق کە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکایەتیى دەکات، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات هەفتەى داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری بکات و داواش لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەن بەر لە دیاریکردنی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان، بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە یەکلا بکەنەوە.
ئەو داواکارییەی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە راگەیێنراوێکدا بوو کە پێنجشەممە 26ی شوباتى 2026، بڵاویانکردەوە.
ئەو فراکسیۆنە کە 45 کورسیی لە پەرلەمانى عێراق هەیە، رایگەیاندووە کە دواکەوتنى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار پێشێلێکی روونی دەستوورە و ئەنجامدانی دانیشتنى هەفتەى داهاتووى پەرلەمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە وا دەکات تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان کۆتایی بێت.
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، تاوەکو ئێستا دوو لایەنە کوردستانییەکە لەسەر یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە رێکنەکەوتوون.
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان داواى لە لایەنە کوردستانییەکان کردووە بەر لە وادەى دانیشتنى کۆبوونەوەى پەرلەمان، بەربژێریان بۆ پۆستى سەرۆککۆمار یەکلا بکەنەوە تاوەکو دەرفەت بڕەخسێت بۆ تەواوکردنى بەرکەوتە دەستوورییەکانى دیکە، لەپێش هەموویانەوە پێکهێنانى حکومەتێک کە تەواوى دەسەڵاتەکانى هەبێت. بەردەوامیى حکومەتى ئێستا کە دەسەڵاتەکانى سنووردارن، زیانێکی راستەوخۆى دەبێت بۆ کارى دەوڵەت و دامەزراوەکانى و گەلى عێراق، و ئەگەر ئەو پەککەوتنە بەردەوام بێت پەنا بۆ هەموو رێکارە دەستوورییەکان دەبەن بۆ دەرچوون لەو دۆخە.
بەگوێرەی مادەی 70ی دەستووری عێراق، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو ڕێژەیەی بەدەستنەهێنا، کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێت، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەر کامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆمار.