لە نەینەوا ناوی 625 کەسی دیکە بۆ وەرگرتنی قەرەبووی شەڕی داعش گەڕایەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیێنێت، ناوی 625 کەسی دیکە وەک وەجبەیەکی نوێ بۆ وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی شەڕی داعش گەڕاوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بڕی قەرەبووەکە لەنێوان 5 بۆ 15 ملیۆن دینار دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، غەزوان داوودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی داعش لە نەینەوا بەردەوامە و وەجبەیەکی نوێی مامەڵەکان کە 20مین وەجبەیە، گەڕاوەتەوە."
بە گوتەی جێگری پارێزگار، ئەم وەجبە نوێیە تایبەتە بە خانەوادەی شەهیدان، بێسەروشوێنکراوان و برینداران، کە ناوی 625 کەس لەخۆدەگرێت. ئەو ناوانەش لە چوارچێوەی لیژنەی لاوەکیی یەکەم بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە نەینەوا وردبینییان بۆ کراوە.
لەبارەی رێکارەکان، غەزوان داوودی گوتی: "هەر زیانمەندێک مامەڵە پێشکێش بە لیژنەی دیوانی پارێزگا بکات، ناوەکەی رەوانەی بەغدا دەکرێت بە مەبەستی وردبینیی ئەمنی و دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی کەسەکە."
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی بۆ زیانلێکەوتووان خەرج دەکرێت، جێگری پارێزگاری نەینەوا روونی کردەوە، بەهۆی کێشەی بودجە و ئەو قەیرانە داراییەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، بڕی قەرەبووەکە لەنێوان 5 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار دیاریکراوە، ئەوەش بەپێی قەبارەی ئەو زیانەی بەر هاووڵاتییەکە کەوتووە.
پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شەڕی داعش لە پارێزگای نەینەوا یەکێکە لە پرسە هەڵپەسێردراوەکان، کە بەهۆی زۆریی مامەڵەکان و وردبینیی ئەمنییەوە کاتێکی زۆری خایاندووە.
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014 شاری مووسڵی کۆنترۆڵ کرد و دواتر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی خستەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ناوەڕاستی ساڵی 2017دا رزگارکردنی مووسڵ و کۆتایی رێکخراوەکە راگەیێندرا، کە بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 20 هەزار کەس کوژران، نزیکەی 40 هەزار کەس بریندار بوون و زیاتر لە 100 ملیار دۆلار زیانی ماددی بەر ناوچەکە کەوت.