لە نۆ مانگدا عێراق زیاتر لە 17 تریلیۆن دینار داهاتی بۆ ماوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کرد، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا عێراق 78 تریلیۆن و 256 ملیار و 733 ملیۆن دیناری خەرج کردووە، کە بەشی زۆری بۆ مووچە بووە. هەر لەو ماوەیەدا عێراق 95 تریلیۆن و 848 ملیار و 186 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، "تەرخانکردنی پارەیەکی زۆر بۆ مووچە کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە."
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ راپۆرتی دارایی 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵی وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق، دەردەکەوێت پارەیەکی زۆر بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخاندەکرێت، جگە لەوەش تائێستا بودجەی وەبەرهێنان وەکو پێویست خەرجناکرێت.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی لە کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2023 عێراق 95 تریلیۆن و 848 ملیار و 186 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە، خەرجییەکانیشی 78 تریلیۆن و 256 ملیار و 733 ملیۆن دینار بووە، واتە بە بەراوردکردنی خەرجی و داهاتی نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، دەردەکەوێت عێراق 17 تریلیۆن و 591 ملیار و 453 ملیۆن دیناری بۆ ماوەتەوە.
تەنیا 10٪ـی خەرجییەکان بۆ وەبەرهێنان بووە
کۆی خەرجییەکانی ئەو نۆ مانگە 78 تریلیۆن و 256 ملیار و 733 ملیۆن دینار بووە:
- خەرجیی بەردەوام: 69 ترلیۆن و 820 ملیار و 573 ملیۆن دینار
- خەرجیی وەبەرهێنان: 8 تریلیۆن و 436 ملیار و 159 ملیۆن دینار
بەپێی ئامارەکە تەنیا 10.7٪ـی خەرجییەکان بۆ وەبەرهێنان بووە و نزیکەی 89.2٪ـی خەرجییەکانیش خەرجییە بەردەوامەکانن.
خەرجییەکان بەپێی کەرتەکان بەمشێوەیە بوون:
- مووچە: 33 تریلیۆن و 492 ملیار و 668 ملیۆن دینار
- پێداویستیی خزمەتگوزاری: 699 ملیار و 793 ملیۆن دینار
- پێداویستی شمەک: 1 تریلیۆن و 649 ملیار و 747 ملیۆن دینار
- چاککردنەوە: 213 ملیار و 741 ملیۆن دینار
- بەخشین و هاوکاری و سوو و خەرجییەکانی دیکە: 9 تریلیۆن و 857 ملیار و 183 ملیۆن دینار
- پابەندی و یارمەتی و بەشداریکردنە دەرەکییەکان: 19 ملیار و 642 ملیۆن دینار
- چاودێریی کۆمەڵایەتی: 17 تریلیۆن و 678 ملیار و 834 ملیۆن دینار
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەماوەی ئەو 9 مانگەدا زۆرترین خەرجی بۆ وەزارەتی دارایی بووە کە زیاتر لە 19 تریلیۆن و 298 ملیار دینار بووە، وەزارەتی ناوخۆ 9 تریلیۆن و 131 ملیار دینار، پەروەردە 7 تریلیۆن و 513 ملیار دینار، بازرگانی 6 تریلیۆن و 678 ملیار دینار و ئەنجوومەنی وەزیران 6 تریلیۆن و 530 ملیار دینار، وەزارەتی بەرگری 5 تریلیۆن و 287 ملیار و وەزارەتی کارەبا 2 تریلیۆن و 446 ملیار دینار خەرجییان هەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، زەهرە بجاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "هێشتا ئەو پارانەی خەرجدەکرێن زیاتر بۆ کاروباری رۆژانە و دابینکردنی مووچەیە، عێراق پێویستی بە تەرخانکردنی پارەی زەبەلاحە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، دەبێت ئەو پارانەی لە بودجەی عێراق بۆ وەبەرهێنان دیاریکراوە خەرجبکرێت."
73٪ـی خەرجییە بەردەوامەکان بۆ مووچەیە
لە نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 33 تریلیۆن و 492 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران، 17 تریلیۆن و 678 ملیار دینار بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی چووە، واتە لە دەروازەی خەرجییەکاندا تەنیا هەردوو بەشی مووچەی فەرمانبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتی 51 تریلیۆن و 171 ملیار و 502 ملیۆن و 722 هەزار دینار خەرجکراوە، واتە 73.2٪ـی خەرجییە بەردەوامەکان بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران رۆیشتووە، جگە لەوە لە خەرجیی وەبەرهێناندا پارەی دیکە بۆ فەرمانبەران خەرجکراوە، هەروەها تەنیا مووچەی مووچەخۆران لەو نۆ مانگەدا 65.3٪ـی کۆی خەرجی بە بەردەوام و وەبەرهێنانەوە دەبێت.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەورەترین کێشەی عێراق لەساڵانی داهاتوو تەرخانکردنی پارە دەبێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی، لە هیچ وڵاتێکدا نەبووە نزیکەی 43 ملیۆن کەس هەبێت، نزیکەی پێنج ملیۆنی فەرمانبەر بن، ئێستا بەهای نەوت بەرزە، بەڵام لە کاتی هەر داکەوتن و دابەزینێکی بەهای نەوت ئەگەر تەنیا بۆ شەش مانگ بەردەوام بێت کارەسات روودەدات."
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، زۆرترین فەرمانبەر لە وەزارەتى پەروەردەی عێراقن کە 963 هەزار و 949 فەرمانبەرن؛ دواتر وەزارەتى ناوخۆ دێت کە 704 هەزار و 446 فەرمانبەرى هەیە؛ وەزارەتى بەرگرى لە پلەى سێیەمدایە بە 453 هەزار و 951 فەرمانبەر؛ وەزارەتى تەندروستى لە پلەى چوارەمدایە بە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر؛ دەستەى حەشدی شەعبیش کە 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە لە پلەی پێنجەم دێت. حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـدا بڕی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 914 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەکەی بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
نەوت 95٪ـی داهاتی عێراق دابیندەکات
لەماوەی 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ کۆی داهاتەکانی عێراق زیاتر لە 95 تریلیۆن و 848 ملیار و 186 ملیۆن دینار بووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 91 تریلیۆن و 464 ملیار و 972 ملیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 4 تریلیۆن و 383 ملیار و 214 ملیۆن دینار داهاتی نانەوتی بووە، واتە 95٪ـی داهاتەکانی عێراق لەو ماوەیەدا نەوتی بوون.
داهاتە نانەوتییەکان:
- باجی داهات و سامانەکان: 3 تریلیۆن و 575 ملیار و 546 ملیۆن دینار.
- باجی شمەک و رسوماتی بەرهەمهێنان: 675 ملیار و 22 ملیۆن دینار
- رسومات: 914 ملیار و 689 ملیۆن دینار
- پشکی بودجە لە قازانجی کەرتی گشتی: 561 ملیار و 618 ملیۆن دینار
- داهاتەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکان: 1 تریلیۆن و 863 ملیار و 258 ملیۆن دینار
- داهاتی دیکە: 768 ملیار و 765 ملیۆن دینار
- داهاتی سەرمایە: 67 ملیار و 364 ملیۆن دینار
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە.