جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ رووداو : 1500 کارمەند و سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کوردستانن و پێنجیان لە ناوچە فیدراڵییەکانن

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، ستافێکی کەمی هاوپەیمانان لە ناوچە فیدراڵییەکان ماوە و ئەوانی دیکە لە هەرێمی کوردستانن. دەشڵێت، "ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی هاتووە."
 
د. قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بۆ رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن دەستپێدەکەن و لە رێککەوتنەکەدا ژمارەی ئەو کارمەند و سەربازە ئەمریکییانە دیاری دەکەن کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
 
"4 بۆ 5 کارمەندی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچە فیدراڵییەکان ماون"
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، فەریقی یەکەمی روکن د. قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئێستا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچە فیدراڵییەکان کارەکانی کۆتاییهاتووە، تەنیا 4 بۆ 5 کارمەندیان ماون کە ئەوانیش کاروباری لۆجیستی و دیپلۆماسی بەڕێوەدەبەن."
 
د. قەیس محەمەداوی گوتی، "جگە لەو ژمارە کەمە، ئێستا سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانن. لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە تاوەکو حوزەیرانی هەمان ساڵ، لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش کە لە سوپاسالاری عێراق، من و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمەڵێک ئەندامی دیکە پێکدێ، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکەین."
 
وەک جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی پێدەکات، "دانوستاندنەکە بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەک دەبێ بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو کارمەند و سەربازە ئەمریکییانەی کە پێویست دەکات لە عێراق بمێننەوە، لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ کاری هاوبەش، هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری دوولایەنە. یاداشتنامە و رێککەوتنەکەش تەنیا لەگەڵ ئەمریکا دەبێت نەوەک هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی."
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن. پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.
 
ئەو بەرپرسە عێراقییە گوتیشی، "پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ماوە، هەرکاتێک کە پێویستمان پێیان بێت هاوکاریمان دەکەن، لە پێدانی زانیاری ئەمنی و هەواڵگری."
 
'هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان 1500 کارمەند و سەربازە'
 
بەگوێرەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ژمارەی ئەو سەرباز و کارمەندانەی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لە هەرێمی کوردستانن نزیکەی 1500 کەسە کە لە 7 وڵاتی سەرەکی پێکدێن، کە دیارترینیان ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیایە.
 
لەبارەی فڕۆکە ئێف شانزەکانی عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی، "کارەکانی ئەمریکا بۆ چاککردنەوەی فڕۆکە ئێف16ـەکان و راهێنانکردن بە فڕۆکەوانە عێراقییەکان بەردەوامە؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "هەنگاوەکان بۆ ئەوەن کە یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی داهاتوومان لەگەڵ ئەمریکا، بریتی بێت لە بەردەوامیی کاری چاککردنەوە و پەرەپێدانی ئەو فڕۆکانە."
 
"داعش توانای هێرشی نەماوە"
 
سەبارەت بە چەکدارانی داعش و جموجووڵەکانیان لە عێراق، د. قەیس محەمەداوی گوتی، "داعش وەک هێز و کاریگەری سەربازی بە رێژەیەکی زۆر پاشەکشەی کردووە و لاواز بووە، کە توانای ئەوەی نەماوە هێرشی چەکداری بکات، بەڵام کاری دانانی بازگەی بچوکی ماوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئێستا داعش لە هەندێک ناوچەی کەم ماوە وەک "بیابانی ئەنبار، ناوچەکانی چیای حەمرین و دۆڵی چای لە کەرکووک."
 
قەیس محەمەداوی هۆشداری دا لەوەی، "داعش وەک هزر هەر ماوە، بەتایبەتی لە هەندێک ناوچەی سووریا و ئەفریقا. بەڵام لە عێراق بەگشتی خەڵکی هۆشیاری هەیە و درکی بە دڕندەیی ئەو رێکخراوە کردووە. ئێستا داعش لە عێراق وەک شانەی بچووک و بێدەسەڵات هەیە و ئێمە ئەوەش بە هەند وەردەگرین و بەردەوام دەبین لە لەنێوبردنی."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سێ ساڵی رابردوودا داعش زۆرترین گورزی بەرکەوتووە لە عێراق. لەم سێ ساڵەی دواییدا 23 بەرپرسی گەورەی ئەو رێکخراوەمان لەنێوبردووە کە زۆربەیان سەرکردە و فەرماندەی دیاری رێکخراوەکە بوون."
 
لەبارەی پەیوەندیشیان لەگەڵ وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە، محەمەداوی گوتی، "پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە باشترین ئاستدایە لە مێژوودا، بەتایبەتی لە رووی هاوئاهەنگی و هاوکاری ئەمنیی هاوبەش، جگە لەوەی کە دوو لیوای هاوبەشمان هەیە. لە ئۆپەراسیۆنەکانیشمان بۆ راوەدوونانی چەکدارانی داعش رۆڵێکی کارا دەبینن."