داعش دان بە شکستەکەی روومادیدا دەنێت

26-12-2015
شه‌یما محه‌ممه‌د
نیشانەکردن داعش روومادی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

چەکدارانی گرووپی داعش لە رێگەی ئەژمارە تایبەتییەکانیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانیان نا بە دۆڕانیان بەرامبەر بە سوپای عێراق لە شەڕی روومادیدا.

ئەندامێکی گرووپی داعش لە رێگەی تووتێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر باسی شکستەکەیان دەکات و بە چەکدارانی دیکەی داعش دەڵێ " خەمبار مەبن، رێگە نەدەن دەوڵەتەکەتان بدۆڕێت تەنانەت ئەگەر روومادیشمان لەدەست دا".

هەروەها دەنووسێت " لەبیرتان بێت کە خوا تۆڵەمان بۆ دەکاتەوە و، هەموو ئەمانە بەڵان لە خواوە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە چاک لە خراپ جیابکرێتەوە".



ئەمە لەکاتێکدایە کە هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانی عێراق بەردەوامن لە پێشڕەویکردن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شاری روومادی لە دەستی چەکدارانی داعش.

چەکدارێکی دیکەی داعش لە ئەژماریکی دیکەدا باس لەوە دەکات، داعش بەنیازە چەند رێگایەکی ستراتیژی بەدەستبهێنێتەوە و نووسیویەتی " چەکدارانمان ( کەواسر، ناوێکە بۆ باڵندە بەهێزە گۆشتخۆرەکان بەکاردێت کە بە خێرایی لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و نێچیرەکانیان راودەکەن) هێرشێکی بەهێز دەکەن بۆ بەدەستهێنانەوەی تەواوی رێگای نێوان حەدیسە و بێجی".
لە مانگی ئایاری رابردوو چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری روومادیدا گرت، بەڵام هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان توانیان بەشیکی زۆری شارەکە کۆنترۆڵبکەنەوە.
Seen 15:14


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە