رووداو - AFP
شەوی چوارشەمە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی نهێنی و رانەگەیێندراو گەیشتە عێراق و لە بنکەیەکی سەربازی لەگەڵ فەرماندە و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە.
ترەمپ بە فڕۆکە تایبەتەکەی جۆری Air Force One هاتووەتە عێراق، کە سێ کاژێری خایاندووە و لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی عێراقیش کۆنەبووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ مێلانیای خانمی یەکەمی ئەمریکا و جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای ئەنبار بەسەرکردەوە.
لەبارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق، ترەمپ رایگەیاندووە، بەنیاز نییە پێنج هەزار سەربازەکەی لە وڵاتەکە بكشێنێتەوە.
ئەمە یەکەمجارە لەماوەی سەرۆکایەتیدا ترەمپ سەردانی عێراق بکات، سارا ساندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە توویتێکدا دەڵێت، ترەمپ گەشتەکەی "بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی و سەرکردایەتی باڵای سەربازی بەسەربکاتەوە و سوپاسی خزمەتگوزاری و قوربانییەکانیان بکات و پیرۆزبایی کریسمسیان لێبکات".
میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن، لە کاتی چوونەوەیدا لە بنکەی سەربازی رامستین لە ئەڵمانیا هێزە سەربازییەکانی بەسەردەکاتەوە و ئینجا دەگەڕێتەوە واشنتن.
سەردانی ترەمپ بۆ عێراق هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کە کاردانەوەیەکی فراوانی لێکەوتەوە.