عێراق
د. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سەربازی لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی نیوڕۆژ.
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، گفتوگۆی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێزە سەرەکییەکانی شیعە، سوننە و کورد کۆدەنگن لەسەر بەهێزکردنی سەروەریی عێراق.
رۆژی شەممە، 27-01-2024، د. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سەربازی لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیای رووداو کە لەلایەن سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێش دەکرێت، رایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە سەرۆکایەتیی گفتوگۆیەکی دوورودرێژی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چاوخشاندنەوە بە سرووشتی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەندام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. داواکرابوو رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2024 کۆتایی بە بوونیان بهێندرێت. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەڵامی دایەوە".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "گفتوگۆی ستراتیژی دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ئەرکە کە دەبوو لە 2017 تەواوبێت، دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکەوتن بەسەر داعشدا. ئێستا لیژنەیەکی باڵای سەربازی هەیە کە چوارچێوەی تەکنیکی دیاری دەکات. ویستێکی سیاسی لای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو چوارچێوەیەدا هەیە".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "بەم نزیکانە گفتوگۆکان دەستپێدەکەن و ئەو کاتە دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی خۆی پێش داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعش؛ پەیوەندییەکی دووقۆڵی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت".
حوسێن عەللاوی گوتی، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کاردەکەن بۆ رێکخستنی دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی عێراق تایبەت بە تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. رێککەوتنی تەواو هەیە لەنێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تەواوبوونی ئەم ئەرکە. ئەوەی دەکرێت دانانی کاتە لە رێگەی لیژنەی باڵای سەربازییەوە. ئەو لیژنەیە میکانیزم ، کات و خشتەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی رێکخراو دیاری دەکات کە ئەوەش گرێدراوە بە توانای سەربازیی عێراقییەکان و پرسی مانەوەی داعش وەک هەڕەشە کە ئێستا پاشەکشەی کردووە، ئەوەش دوای پێشکەوتنی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێزەکانی پێشمەرگەوە. ئێستا هێزەکان دەتوانن ئاسایشی نیشتمانی بپارێزن و توانایەکی بەرزیان هەیە".
سەبارەت بە بۆچوونی پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەوانە کورد و سوننە، بە گوتەی عەللاوی، "کۆدەنگییەکی نیشتمانی هەیە لای هێزە سیاسییەکانی عێراق. هێزە سەرەکییەکانی شیعە، سوننە و کورد بە سەرۆکایەتیی رێزدار مەسعود بارزانی پشتیوانی دەکەن لە بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراق و بڕیاری نیشتمانیی عێراقی و بەهێزکردنی پلانی حکومەتی عێراق".
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024 وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیادا باسی پێکهێنانی لیژنەیەکیان تایبەت بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد، دوای ئەوەی رۆژی پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەکی لە ئەلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق وەرگرت کە بە"گرنگ" ناوی هێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ