لە بەغدا کوردی فەیلی خراونەتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە

27-06-2017
بەهمەن حەسەن
رێژەی کوردانی فەیلی لە بەغدا 150 هەزار کەس دەبن
رێژەی کوردانی فەیلی لە بەغدا 150 هەزار کەس دەبن
نیشانەکردن بەغدا
A+ A-

رووداو - بەغدا 

کوردە فەیلییەکان لە بەغدا، واست، نەعمانییە و ناوچەکانی دیکەی عێراق خراونەتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە، لە راگەیاندنی رۆژی گشتپرسی کوردستانەوە بە نامەی دەستنووس و مۆبایل هەڕەشەیان لیدەکرێ.


لە نامەکاندا پێیان گوتون دەبێ خاکی عێراق بە جێبێڵن، هەندێ نامەی دەسنووس بە گوللەوە فڕێدراونەتە حەوشەی ماڵەکان و لێیان نووسراوە، مادام کوردستان رێفراندم دەکات دەبێ ئێوەش بڕۆن ئەگەرنا دەکوژرێن.

دیوەخانی شێخ تەحسین فەیلی لە گەڕەکی کیفاح بووەتە بارەگای سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییەکانی کوردانی فەیلی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گشتپرسی کوردستان و چارەنووسی کوردانی فەیلی.

بەشێکیان پشتگیری لە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشەکەی دیکەیان دەڵێن ئێمە دژی نابین و لەگەڵیشی نین. 

شێخ تەحسین فەیلی ، سەرۆک عەشیرەتی کوردانی فەیلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئێمە هەڕەشەی کۆچی زۆرەملێمان لەسەرە ، وەک چۆن لە رابردووشدا رووبەڕووی ئەو کۆچە زۆرە ملێیە بووینەتەوە ، شێوەی رژێمی پێشوو کەوا ماڵ و سەروەت و سامانمان دزرا، کوردانی فەیلی چاوەڕوانی چرکە ساتێک دەکەن کەوا جارێکی دیکە رووبەڕووی کۆچی زۆرە ملێ ببنەوە و دیسانەوە تەسفی حساباتی کوردانی فەیلی دەستپێبکاتەوە"

لە دیوەخانەکەی شێخ تەحسین وەکو مەرجەعێکی باڵای کوردانی فەیلی سەرۆک عەشیرەتەکان بڕیاریاندا  بۆ بەرگرییکردن لە خۆیان پشت بەهیچ حیزب و لایەنێکی سیاسیی عێراقی نەبەستن و هێزێکی چەکدار کە پێکهاتبێت لە کوردانی فەیلی دروست بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازرا و کە بکرێتە سەریان.

حسێن عەلی ئەکبەر، کەسایەتی کوردی فەیلی گوتی "بێگومان بەهۆکاری بڕیاری گشتپرسییەوەیە ئێمە هەڕەشەمان لەسەرە، بۆیە لەسەرمان پێویستە میکانیزمی بەرگرییکردن لە خۆمان بگرینەبەر و لەنێو خۆماندا رێکبکەوین بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازی خۆی، ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە ئەو هێزەی پێکی دەهێنین بەشێوەیەکی نهێنی دەبێت ژمارەی هێزەکە و فەرماندەکانیان ئاشکرا ناکەین".

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ساڵی 2017 زیاتر لە 350 هەزار کورد بەغدای بەجێهێشتووە و لە ئێستا رێژەی کوردانی فەیلی لە بەغدا 150 هەزار کەس دەبن و لە ناوچەکانی کیفاح، مەدینە سەدر و شەقامی فەڵەستین نیشتەجێن.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە