وادەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی عێراق، وادەی بەرایی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی دیاریکرا. سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "رۆژی 20-11-2024 وەک وادەی بەرایی دیاریکراوە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 27-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتی بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق بەڕێوەچوو، کە تێیدا باس لە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی کرا.
سیروان محەممەد، کە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو گوتی، سەرۆکی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتی بڕیاریدا رۆژی 20-11-2024 وەک وادەی بەرایی دیاربکرێت بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق هاوئاهەنگی دەکەن بۆ ئامادەکارییەکان و لە بودجەی 2023دا 100 ملیار دینار بۆ سەرژمێری تەرخانکراوە، کە 12.67٪ی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
بەگوێری راگەیێندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش، محەممەد تەمیم، مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو 2024 وەک وادەی بەرایی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دیاریکرد.
وەزیری پلاندانان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوەکردەوە، گرنگە سەرژمێریی گشتیی بکرێت وەک بەرنامەی حکومی بۆ پەرەپێدان. ئەو سەرژمێرییەش پەیوەندی بەو سەرژمێرییەوە نییە کە لە مادەی 140دا هاتووە.