فڕۆکەخانەی نەجەف دادەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی رۆچوونی زەویی فڕگەی فڕۆکەخانەکە، فڕۆکەخانەی نەجەف دادەخرێت.
رۆژی هەینی، 27-10-2023، جیهاد کازم، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت بۆ سەرجەم گەشتیاران و ئەو کۆمپانیایانەی لە فڕۆکەخانەی نەجەف کاردەکەن رابگەیێنین، فڕۆکەخانەکە لەم ماوەیە داخراوە، بەهۆی بوونی شکان لە سەرەتای فڕگەی فڕۆکەخانەکە کە دەکەوێتە بەشی ژمارە 10 و بەدووریی 300 مەتر."
گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق گوتی: "ئەو شکانەی لە زەویی فڕگەکەدا دروستبووە بووەتە هۆی دابەزینی خۆڵی ژێر خاکەکەی، ئەوەش وایکردووە پێویست بە چاکسازی و چاککردنەوەی خێرا بکات، چاککردنەوەکەش لەپێناو پاراستنی ژیانی گەشتیاران و ئەو کەسانەیە کە فڕۆکەخانەی نەجەف بۆ گەشتکردن بەکاردەهێنن."
سەبارەت بە کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە، جیهاد کازم ئاماژەی بەوە کرد، هیچ وادەیەک بۆ چاککردنەوەی فڕگەکە دیاری ناکەن، کەی چاککرایەوە رایدەگەیێنن و دەست بە گەشتەکان دەکەنەوە.
فڕۆکەخانەی نەجەف دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەکە، لە ساڵی 2008 بە فەرمی کرایەوە، لەسەر زەویی بنکەیەکی سەربازیی سەردەمی بەعس دروستکراوە، رۆژانە نزیکەی 30 گەشتی هەیە.