سوودانى لێژنەیەک بۆ چاوخشاندنەوە بە یاسای دادگەى باڵاى فیدراڵى پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق لێژنەیەک بۆ چاوخشاندنەوە بە هەموارى پڕۆژەیاساى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى پێکدەهێنێت و بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاوتوێی ئەو پرسە بکات. 
 
27ى کانوونى یەکەمى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەسەن یاسرى، راوێژکاری کاروبارى دەستووریى راسپاردووە بە پێکهێنانى لێژنەیەک بۆ چاوخشاندنەوە بە پڕۆژەیاسای دادگەى باڵاى فیدڕاڵى کە پێشتر لە ساڵى 2015 ئامادەکراوە و رەوانەى پەرلەمان کراوە.
 
 بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لێژنەکە پێکدێت لە نوێنەرانى سەرۆکایەتیى کۆمار، ئەنجوومەنى دەوڵەت و ئەمیندارێتى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران.
 
 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە ساڵى 2005 بەگوێرەى یاسای ژمارە 30ى ئەو ساڵە پێکهێندرا، لە ساڵى 2015 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەشنووسى هەموارى یاسای دادگەى باڵاى فیدڕاڵى ئامادە کرد و رەوانەى پەرلەمانى کرد، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەندێک لە مادەکانى، لە پەرلەمان دەنگى لەسەر نەدرا. 
   
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، حکومەت لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان پڕۆژە یاساکە تاوتوێ دەکات و  دەشڵێت، "ئەو هەنگاوە بۆ جەختکردنەوەیە لە پاڵپشتی حکومەت لە سەربەخۆیی دەسەڵاتى دادوەریى و پەیوەست بوون بەدەستوورەوە کە تایبەتمەندیى زیاترى داوە بە دادگەى باڵاى فیدراڵى لەوەى کە ئێستا هەیەتى بەگوێرەى یاساى ژمارە 30ى ساڵى 2005".
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى تایبەتمەندە بە یەکلاکردنەوەى پرسە دەستوورییەکان و شرۆڤەکردنى دەقە یاساییەکان لە رووى دەستوورەوە و بڕیارەکانى مایەى تانەلێدان نین.