وەزیری پەروەردەی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخستنی نوێنەرایەتییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق دەکات.
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە دەڵێت، لە بڕیارەکە رای لیژنەکەیان وەرنەگیراوە.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە 1ـی تەمموزی ئەم ساڵەوە، لیژنەکەیان بانگهێشتی ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق دەکات.
بانگهێشتەکە بە مەبەستی روونکردنەوەی وەزیرە لەسەر ئەو بڕیارە.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە لەو بڕیارە رای لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، خەڵکێکی زۆری کورد، عەرەب و تورکمان کە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەلاحەدین و ئەنبارن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، کار و پیشە و دەوامیان هەیە و بەرژەوەندیان لە هەرێمی کوردستانە، بۆیە ناکرێت بەم شێوەیە پەلەی تێدا بکرێت، ئەوە لەکاتێکدا بەشی زۆری قوتابخانەکانی ناوچەکانیان لەو پارێزگایانە دوو دەوامی و سێ دەوامیان تێدایە.
نەجوا حەمید گوتی، لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و وادەی بانگهێشتکردنی وەزیری پەروەردەی عێراق دیاری دەکات.
13ی شوباتی 2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 30ی تەمموزی 2024ی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ بۆیە پاڵپشت بەوە بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێت.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا دەکات لەو ماوەیەی کە ماوە رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، تاوەکو لە رۆژی ئاماژەپێکراودا نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی 11ـی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن."
عەلی عەباس گوتی، "سێ بژاردە دەخرێنە بەردەم ئاوارەکان. یەکەم، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. دووەم، نیشتەجێبوون لەو شوێنەی ئێستا وەک ئاوارە تێیدا دەژین؛ سێیەم، چوونە پارێزگەیەکی دیکە و ئەو کات وەک گەڕاوە هەژمار دەکرێن."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستاندا 24 کەمپ هەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 35 هەزار بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا هەن، کە ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت."
عەلی عەباس گوتی، هەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە، سوومەند دەبێت لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی وەزارەت وەک پێدانی پارە، دابینکردنی کەلوپەلی نێو ماڵ، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و دامەزراندن.
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."