ناكۆكی نێوان مالیكی و ئەدیب.. سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێكان

28-04-2014
نیشانەکردن مالیكی
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایگەیاند بەهۆی نزیككردنەوەی خزمەكانی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو كاندیدكردنیان بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق، ناكۆكی دەكەوێتە نێوان نو‌وری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەلی ئەدیب، سەركردە لە حیزبی دەعوە.

رۆژنامەی مۆنتۆری ئەمریكی لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند: بە  مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر هەندێك هێزی بچووك لەنێو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە لیستی جیاواز بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كردووە، لەوانەش (ئیئتیلافی وەفای عێراقی) بە سەرۆكایەتی سامی عەسكەری كە یەكێكە لە نزیكەكانی مالیكی، لەگەڵ (رەوتی دەوڵەتی عادل) كە كەسە نزیكەكانی مالیكی لەخۆگرتووە.

رۆژنامەی مۆنتۆر نووسیویەتی: سەرەڕای ئەوەی عەلی ئەدیب سەركردەیەكی باڵای حیزبی دەعوەیە، بەڵام بانگەشە بۆ لیستەكەی مالیكی دەكات، هاوكات سەرۆكایەتی گردبوونەوەی (نەهزەی شامل)یش دەكات و كاندیدی خۆشی هەیە، دەكرێت ئەم هەنگاوە بە تاكتیكێكی هەڵبژاردن لێكبدرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، هاوكات دەكرێت ئاماژەیەكیش بێت بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێكانی نێوان مالیكی و ئەدیب لەلایەك و رەوتی حیزبی نێو حیزبی دەعوەو باڵی خانەوادەی مالیكی لە ئەنجوومەنی وەزیران.

رۆژنامەكە زیاتر دەڵێت: "رەنگە ئەم هۆكارە وای لە مالیكی كردبێت زیاتر پشت بە خزم و كەسەكانی ببەستێت بۆیە زاواكانی لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا لە شاری كەربەلا كاندیدكردوون، كە عەلی ئەدیب یەكەم كاندیدە لەو شارە".

لە هەڵبژاردنی رابردوو  مالیكی 89 كورسی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە پێویستی بە كورسی زیاترە بۆ ئەوەی زۆرینە مسۆگەر بكات، بەو پێیەی خۆیان بانگەشە بۆ حكومەتی زۆرینە دەكەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە