رووداو-بەغدا
سەرەڕای ئەوەی ئاڵای ئێستای عێراق لەلایەن چینێكی گەورەی گەلەوە بەئاڵای سەدام حوسێن ناودەبرێ، بەڵام وەك دیارە ئەو ئاڵایە بووەتە تاكە ئاڵا كە جێی كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان بێت، نەك لەبەر ئەوەی پەسەندە، بەڵكو لەبەرئەوەی بەلابردنی ئەو ئاڵایە پێشبینی دەكرێ عێراق بەبێ ئاڵا بمێنێتەوە.
موئەیەد تەیب، بڕیاردەری لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیری لەپەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند:"هەر چەندە بڕیاربوو ئاڵای ئێستای عێراق بۆ ساڵێك وەك ئاڵای عێراق بمێنێتەوە تاوەكو ئەو كاتەی ئاڵایەكی نوێ پەسەند دەكرێت لەپەرلەمان، بەڵام بەهۆی ناكۆكی فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان ئاڵای نوێی عێراق چەند ساڵێكە وەك پڕۆژە یاسایەك بەسڕكراوی ماوەتەوەو هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ نەكراوە".
موئەیەد تەیب گوتیشی "لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیری ئێستا شەش نمونەی ئاڵای نوێی عێراقی لەبەردەستدایە كە لەرێگەی پێشبركێوە هەڵبژێردراون و پەسەندترینی ئەو نمونانە ئاڵای سەردەمی دەسەڵاتداری عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقە".
ئەمە لەكاتێكدایە خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەبارەی ئاڵای نوێی عێراق لە پرسی ئاماژەكردن بە كەمینە نەتەوەییەكان و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق خۆی دەبینێتەوە و هاوشێوەی پڕۆژە یاسای زمانی فەرمی و سروودی نیشتمانی عێراق كە بەهەمان هۆكارەوە لەپەرلەمان چەقیان بەستووە.
بەتول فاروق، ئەندامی لیژنەی راگەیاندن و رۆشنبیری پەرلەمانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند:"لەو شەش نمونەیەیی ئاڵای نوێی عێراق كە دەستنیشانكراون ئاماژە بە كەمینەو پێكهاتەكانی عێراق كراوە، بۆ نموونە لەیەكێك لەنموونەكان بەڕوونی ئاماژە بۆ هەرێمی كوردستان كراوە".
بەتول فاروق گوتیشی "هۆكاری پەلەنەكردن لەپەسەندكردنی پڕۆژە یاسای ئاڵای عێراق هەوڵی پەرلەمانە بۆ بەدیهێنانی یەكدەنگی و رەزامەندی هەموو لایەنەكان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ ئەوەی ئاڵا نوێیەكە هاوشێوەی ئەو ئاڵایەی ئێستا لەلایەن چینێكەوە یاخود لایەنێكەوە رەتنەكرێتەوە، سەرەرای هەموو ئەم راستیانەش پێشبینی ناكەم لەخوولی ئێستای پەرلەمان ئەو یاسایە پەسەند بكرێ".
هەرچەندە بەدرێژایی مێژووی خۆی عێراق لەژێر سێبەری رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی شەش جار ئاڵای گۆڕیوە، بەڵام پێدەچێ ئەم جارەیان گۆڕینی ئەو ئاڵایە كاتی زیاتر بخایەنێ لەوەی كە بۆی دانرابوو، لەكاتێكدا ئەمە یەكەم جارە لەژێر سێبەری سیستەمێكی دیموكراسی و بەبوونی پەرلەمان و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەوڵی گۆڕینی یەكجاری ئاڵای عێراق دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ