رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 12:00ـی رۆژی شەممە 28-8-2021 لە بەغدا لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەشداریی سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆکی میسر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی دراوسێی عێراق و وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئێران و، بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، باڵیۆز و هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق دەستپێدەکات.
درەنگانی شەوی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
پێشبینی دەکرێت لە پەراوێزی کۆنگرەکە چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان وڵاتانی بەشدار بکرێت لە نێویاندا سعودیە و ئێران، نەزار خەیروڵڵا، بریکاری وزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی رایگەیاند، ئێمە وەک عێراق ھەموو کارئاسانییەک دەکەین بۆ سەرۆک و سەرکردەی ھەر وڵاتێک کە بیەوێ لەگەڵ وڵاتێکی دیکە کۆببێتەوە. گوتیشی: لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی هاوشێوەی کۆنگرەی بەغدا، کۆبوونەوەی دووقۆلی لەنێوان وڵاتان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر خواستی وڵاتەکان خۆیان.
بەرپرسێکی عێراقی بە رووداوی رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت، لە پەراوێزی لووتکەکەدا، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندەکانی سعودیە و ئێران بۆ لێکنزیکبوونەوەیان رێکبخرێت.
لە دوای ساڵی 2003، ئەمە گەورەترین و گرنگترین کۆبوونەوەی لووتکەیە لە بەغدا بکرێت، سەرۆک و سەرکردەی چەندین وڵات تێیدا بەشدارببن لە نێویاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.



.webp&w=3840&q=75)