بودجە و بۆردوومانەکان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەکاتەوە

28-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ دەستیپێکرد. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی فوراتەین دەڵێت، "کۆبوونەوەکە باسی زۆر تەوەری گرنگ دەکات لەوانە تۆپباران و هێرشەکانی ئێران و تورکیا." بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیش لە بەغدا دەڵێت: "بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باس دەکرێت." 
 
رۆژی دووشەممە، 28-11-2022، رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە ماڵی مام جەلال دەکرێت لە بەغدا، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەت و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردایەتیی لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە. 
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، رابیحە حەمەد روونیکردەوە: "باسی ژمارەیەک پرس دەکرێت لەوانە، تەواوکردنی حکومەت و پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی ماون، بەتایبەت پۆستە وەزارییەکان کە دوو وەزارەت ماون و یەکێکیان بەر یەکێتی و یەکێکی دیکەیان بەر پارتی دەکەوێت و دەبێت بەربژێری بۆ دیاری بکەن. هەروەها پرسی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران و هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکات پرسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بودجە و مووچەی مووچەخۆران کە یەکێتی زۆر داکۆکیی لێدەکات، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەش."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لەوەش کرد، بڕیارە هەموو لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن کە بە" گرنگ" ناوی هێنا و روونیکردەوە: "ئەو کۆبوونەوەیە بایەخێکی دیکەی هەیە کە رۆژێک پێش سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ تاران دەکرێت، بڕیارە بۆچوونی لایەنەکانی لەبارەی هێرشەکانی ئەو وڵاتە تێدا باسبکرێت."
 
هەر یەک لە محەممەد شیاع سوودانی، محەممەد حەلبووسی، نووری مالیکی، عەمار حەکیم، هادی عامری، خەمیس خەنجەر، موسەننا سامەڕایی، فالح فەیاز، فوئاد حوسێن، بەنگین رێکانی، بافڵ تاڵەبانی، رەیان کلدانی، ئەحمەد ئەسەدی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتی پەرلەمانی عێراقە، پێکهاتووە لەو لایەنانەی زۆرترین کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بەدەستهێناوە، هاوپەیمانێتییەکە دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا و پێکدێت لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، پارتى دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیی عەزم، بابلیون و چەند لایەنێکی دیکە. 
 
عەلی غانمی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی فوراتەین کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ماڵی مام جەلال گوتی: "کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت و تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی حکومەت لە ماوەی رابردوودا، چاککردنەوەی هەڵەکان و دەستخستنە سەر نەنگییەکان. هەروەها باسی بودجەی تێدا دەکرێت کە ئێستا خەریکە رەشنووسەکەی ئامادە دەکرێت، پشکی کورد لەنێو رەشنووسەکە بایەخی پێدەدرێت، پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان باس دەکرێن، لەگەڵ تەواوکردنی کابینەکە."
 
غانمی ئاماژەی بەوە دا هەر لەو کۆبوونەوەیە باسی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکانی سەروەریی عێراق دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا دەکرێت رۆژی 27ى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 253 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ دەنگدان بەکابینەى نوێى حکومەتى وڵات بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى و کارنامەى حکومەتەکەى.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا 21 بەربژێرى وەزارەتەکان پەسەند کران، بەڵام یەکلاکردنەوەى هەردوو وەزارەتى ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە لە پشکى کوردن دواخران.
 
رۆژی شه‌ممه‌ 26-11-2022، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازیکرد لە محه‌ممه‌د كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ عێراق. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، باڵیۆزی ئێران بانگهێشتنامەیەکی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆككۆماری ئێرانی به‌ سوودانی گه‌یاندووە بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی تاران بكات، بڕیاریشە سێشەممە، 29-11-2022 سوودانی سەردانی تاران بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆمارى عێراق: لەم دۆخە قورسەدا لەگەڵ گەلى ئێرانین

سەرۆککۆمارى عێراق سەرەخۆشی لە گەلى ئێران و عەلى خامەنەیی،رێبەرى باڵاى شۆڕشی ئیسلامى دەکات بەهۆى گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە.