سەدر: عێراق وڵاتی کریستیانەکانە وەک چۆن وڵاتی ئایینەکانی دیکەشە
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە رایگەیاند، کریستیان و موسڵمانان بڕوایان بەوە هەیە رێسا ئاسمانییەکان لەپێناو چاکسازی، ئاشتی، دادپەروەری و شکۆ هاتوون و عێراق وڵاتی کریستیانەکانە وەک چۆن وڵاتی ئایینەکانی دیکەشە.
یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە پیرۆزبایی لە کریستیانەکان و تێکڕای گەلی عێراق کرد.
موقتەدا سەدر نووسیویەتی: "پێشتر و ئێستاش بڕوام بەوە هەیە عێراق وڵاتی کریستیانەکانە وەک چۆن وڵاتی هەموو ئایینەکانی دیکەیە، هەر یەکێکیان بەگوێرەی ئەرک و مافی خۆی، کریستیانە خۆشەویستەکانمان پێشتر و ئێستاش لەگەڵ گەلی عێراق بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەژین کە لەگەڵ رێسا ئاسمانییەکان و یاساییەکان یەکدەگرنەوە، ئەوەش وامان لێدەکات کە مامەڵەی هاوشێوەیان لەگەڵ بکەین."
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە گوتى: "هەر پێشێلکارییەکیش کە لەلایەن هەندێکیانەوە بکرێت، لەوانە داوای ئاساییکردنەوە یان پاڵپشتیکردنى کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازی یان پاڵپشتیی گەندەڵی، ئەوە نوێنەرایەتیی کریستیانەکان ناکات وەک چۆن نوێنەرایەتیی ئێمەش ناکات."
کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، رۆژی 25ـی کانوونی یەکەم بە رووداوی راگەیاند، مەبەست لەو لێدوانەی رۆژێک بەر لەوە داویەتی لەبارەی ئاساییکردنەوە، ئیسرائیل نەبووە بەڵکو مەبەستی ئاساییکردنەوە بووە لە ناوخۆی عێراقدا.
موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئێمە و ئێوە هەردوولامان ئێستاش بڕوایەکی تەواومان بەوەیە رێسا ئاسمانییەکانی عیسا و محەممەد، لەپێناو چاکسازی و ئاشتی و دادپەروەری و شکۆ هاتوون."